"بە سەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەمنزیكانە كۆبوونەوەكانی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك دەستپێدەكاتەوە"
شاخەوان عەبدوڵڵا، ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك، ڕاگەیاند: "لە ماوەی رابردوودا هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق سەرقاڵی بابەتی بودجە بوون، ئەو شاندەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا كە بۆ بابەتی بودجە و مووچە دەچوونە بەغدا، بەشێك لە ئەندامانی ئەو شاندە ئەندامی لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووكن كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایسپاردوون بۆ بابەتی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و ناوچەكانی تر، بۆیە نەدەكرا لەیەك كاتدا دوو ئەرك ببینن".
گوتشی: "ئێستا دوای تێپەڕاندنی بودجە، بەمنزیكانە بابەتی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و نەمانی ئەو داگیركارییە دەبێتە ئەولەویەتی كاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئێمەش وەكوو لیژنەی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك كە پێكهاتووە لە پێكهاتەكانی كەركووك بەسەرپەرشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بەم نزیكانە كۆبوونەوەكانمان دەستپێدەكەینەوە".
ئەوەشی خستە ڕوو: "بۆ گەرەنتی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە كەركووك، دەبێ هەرچی زووە كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بكرێت پێش هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی ئەو هێزە میلیشیایانەی كە ئێستا لە شارەكەن بە جۆرێك لە جۆرەكان ڕۆڵیان نەبێت لەیەكلاكردنەوەی دەنگەكان بۆ لایەنێكی سیاسی".
basnews -
