چاودێرێکی سیاسی: کاری حزب نییە زەوی دابەش بکات
د. مەدحەت سڵێمان، چاودێری سیاسی ، ڕایگەیاند، کاری حزب نییە زەوی بەسەر هیچ توێژێکدا دابەش بکات، پێویستە ئەو کارانە لە رووی ئیدارییەوە حکوومەت جێبەجێیان بکات، بابەتی دابەشکردنی زەوی پەیوەندی بە وەزارەتی شارەوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوەیە، گوتیشی: ”ئەگەر پێشتر نووسراوێک لە کابینەکانی دیکە کرابێت و رێوشوێنە یاساییەکانی تەواو کرابێت پێویستە لەو کابینە نوێیەدا نوێکردنەوەی بۆ بکرێت، ئەو نوێکردنەوەیەش بۆ بابەتی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی دەکرێت و سەنەدەکانی دەردەچێت، ئەنجام نەدانی ئەو کارە هەڵەیەکی ئیدارییە، باشترە چاکبکرێتەوە“.
ئەو چاودێرە جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە بەهۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە لەمەودوا موزایەدەی سیاسی زۆر دەبێت، گوتی: ”ئەوەی کراوە بەناوی کەسوکاری شەهیدانەوە تەنیا موزایەدەی سیاسییە و کاری حزب نییە زەوی دابەش بکات، هیوادارم موزایەدە هێندە ئاستی کەمنەبێتەوە بگاتەوە بە دابەشکردنی دەمانچەش، زۆر ئاستێکی لاوازیشە حزب دەستبخاتە ناو ئەو کاروبارانە و بەرپرسێک خۆی بکات بە خاوەنی دابەشکردنی زەوی و وێنەی لەگەڵ بگرێ، لەکاتێکدا ئەو زەویانە موڵکی گشتیی و هی حکوومەتە نەوەکو حزب“.
باسنيوز
