پارێزگارى ههولێر: ڕێگە نادەین هیچ کەسێك یاری بە نرخی خۆراک و بازاڕ و پێداویستیی هاووڵاتییان بکات
ئهمڕۆ شهممه 10/4/2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى ههولێر، ژمارهیهك وێنهى له پهیجى تایبهتیی خۆى، له تۆڕى كۆمهڵایهتیی (فهیسبووك) بڵاو كردووهتهوه و ئاماژهى بهوه داوه، ئهمڕۆ لە دیوانی پارێزگا، بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگەگرتن لەو کەسانەی بە قۆستنەوەی مانگی ڕەمەزان یاری بە نرخ و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان دەکەن، لەگەڵ لێژنەی هاوبەشی قایمقامیەتی ناوەندیی هەولێر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام داوه.
دهشڵێت: "لە کۆبوونەوەکەماندا تەئکیدیمان لە چاودێریکردنی چڕی بازاڕ و نرخ و کەل و پەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان کردەوە، لێژنەی هاوبەشی قایمقامیەتمان بە سەرۆکایەتیی قایمقامى ههولێر ڕاسپێردرا توندترین ئیجرائات لەگەڵ ئەو کەسانە بکرێ، کە مانگی ڕەمەزان دەقۆزنەوە و نرخی خۆراک و پێداویستییەکان لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن و ڕامانگەیاند كه ڕێگە نادەین هیچ کەسێك یاری بە نرخی خۆراک و بازاڕ و پێداویستیی هاووڵاتییان بکات".
پارێزگارى ههولێر باسى لهوهش كردووه، ڕێستورانتهكان لە مانگی ڕەمەزاندا کراوە دەبن، بهڵام پێویسته شوێنەکانیان بە تەواوی بە پەردە داخراو و داپۆشراو بێ و ڕەچاوی ڕێزگرتن لە مانگی ڕەمەزان و ڕۆژووگرانی بکهن، "بەپێچەوانەوە ڕێکاری توندی یاساییان لە بەرامبەردا دەگیرێتە بەر".
باسنيوز
