شاعیری به‌ناوبانگ دڵزار كۆچی دوایی كرد
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 10/4/2021، ئه‌حمه‌د دڵزاری شاعیر، له هه‌ولێر به هۆی نه‌خۆشییه‌وه كۆچی دوایی كرد. دڵزار جگە له‌وه‌ی خاوه‌ن سەدان شیعره بە زمانی کوردی و عەرەبی و نووسین و بیرەوەرییەکانی فەرهەنگی بابا تاهیری هەمەدانی، کە بەزاراوەی لوڕیه وه‌ریگێڕاوه‌ته سه‌ر زاراوەی سۆرانی.
دڵزار تاكه شاعیری کورده 101 ساڵ تەمەنی تەواو كردووە، له رووی ته‌مه‌ن درێژیشه‌وه دووه‌م شاعیری سه‌ر ئاستی جیهان بوو.
دڵزار ناوی ته‌واوی "ئه‌حمه‌د كوڕی مسته‌فا كوڕی محه‌مه‌د ئاغای حه‌وێزی"ـه، له 8ی كانوونی دووه‌می 1920 له‌شاری كۆیه له‌دایك بووه.
له‌ته‌مه‌نی حه‌وت ساڵیدا ماوه‌ی دوو ساڵێك له‌حوجره‌ی مزگه‌وت خوێندوویه‌تی و له‌ساڵی 1929 چووه‌ته قوتابخانه‌ی سه‌ره‌تایی، پاشان قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی و له‌ساڵی 1941 كۆتایی به‌و قۆناغه هێناوه و ده‌ستی له خۆیندن هه‌ڵگرتووه.
له‌وكاته‌وه كه ده‌ستیكردووه به شیعر نازناوی (دڵزار)ی هه‌ڵبژاردووه‌و بووه به‌و ناوه‌ی پێی ده‌ناسرێته‌وه. له‌ناوه‌ڕاستی جه‌نگی دووه‌می گێتی 1942 بووه به‌سه‌رباز له تیپی تایبه‌تی (لیفی)، ئه‌م تیپه سوپاییه له‌لایه‌ن ئینگلیزه‌وه دامه‌زرابوو.
له‌دوای 1918 سه‌ربازه‌كانی له‌هه‌موو میللـه‌ت و كه‌سانی دانیشتوانی عێراق پێك هاتبوو، زۆریان له ئاسوورییه‌كان بوون له‌ناو كورده‌واریدا ته‌یارییان پێده‌ڵَێن. دڵزار نزیكه‌ی سێ ساڵ و نیو له‌ڕێزی ئه‌م تیپه مایه‌وه. به‌شێكی ئه‌م ماوه‌یه‌ی له‌فه‌له‌ستین برده‌سه‌ر.
له‌وكاته‌ی له‌خزمه‌تی سوپا رزگاری بوو له‌ساڵی 1946 گه‌ڕایه‌وه كۆیه. له‌وكاته‌دا په‌یوه‌ندی به‌كۆمۆنیسته‌وه كرد، له‌دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ یه‌كه‌مجار گیرا.
دڵزار بۆ جاری دووه‌م له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی 1948 گیراوه‌ته‌وه، له‌كۆیه‌وه ره‌وانه‌ی هه‌ولێر كراوه. له‌سه‌ره‌تای 1949 دادگا فه‌رمانی شه‌ش مانگ به‌ندكردنی ده‌ركردووه‌و نێرراوه بۆ به‌ندیخانه‌ی نێوه‌ندی به‌غدا.
له‌ناو به‌ندیخانه له‌سه‌ر جموجۆڵی سیاسی تاوانبار كراوه‌و دادگا فه‌رمانی سێ ساڵ به‌ندكردنی بۆ ده‌ركردووه و ناردوویانه بۆ به‌ندیخانه‌ی كوت.
له‌هاوینی 1952 ئازاد بووه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه كۆیه، ئیتر ده‌ستیكردووه به‌ژیانی نهێنی له‌ڕیزی كۆمۆنیستاندا. له‌ساڵانی 1952-1953 له‌هه‌ولێر بووه، ئینجا نێردراوه بۆ سلێمانی، پاشان له ئاغۆستسی 1954 گوازاوه‌ته‌وه كه‌ركوك.
باسنيوز
