وەزارەتی كشتوكاڵ: ڕێكکەوتنێكمان لەگەڵ پێنج کۆمپانیا واژۆ كردووە

وەزارەتی كشتوكاڵ: ڕێكکەوتنێكمان لەگەڵ پێنج کۆمپانیا واژۆ كردووە
گوتەبێژی لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاەکانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرای كرد بۆ پاڵپشتیكردنی جووتیاران و بایەخدان بە بەرهەمی پەتاتە، وەزارەتی كشتوكاڵی ڕێكکەوتنێكی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەك واژۆ كردووە.

حوسێین حەمەكەریم، گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاند: "دوێنێ سێشەممە 6ی4ی2021، لەگەڵ نوێنەرایەتیی پێنچ كۆمپانیا و چەند جووتیارێكی بەرهەمهێنی پەتاتەی پیشەسازی، ڕێوڕەسمی واژۆكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنیان لە نێوان وەزارەت و كۆمپانیاكانی (ئەربیل بەیروت، لۆنا، Golden Earth، گرین عێراق و زین سناكس) واژۆ کردووە."

گوتیشی: "ئەو یاداشتنامەیە هەنگاوێكی گرنگ و مێژووییە و دەرفەتێكی باشە بۆ پاڵپشتیی جووتیاران و خاوەنكارگەكانی بەرهەمهێنانی چپسی پەتاتە، وەزارەتیش هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ بە بازاڕكردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و دابینكردنی خۆبژێویی و قەدەغەكردنی هاوردنی پەتاتە لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمی جووتیاران."

حوسێن حەمەکەریم ئەوەشی خستە ڕوو: "ئامانج لەو لێكتێگەیشتنە بە مەبەستی كڕینەوەی بەرهەمی ناوخۆی جووتیاران و پاڵپشتیكردنی خاوەن پرۆژەكانە كە دواتر لە فۆرمێكی تردا گرێبەستێكی وەرگرتن و ساغكردنەوەی بەرهەمەكان و بە ئاگاداریی نوێنەری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئەنجام دەدرێت."






باسنیوز
Top