ئەمریكا لە رێگەی قەرز و كۆمپانیاكانییەوە بەشداریی لە ژمارەیەك پرۆژەی كارەبا لە هەرێمی كوردستان دەكات
ئەمڕۆ چوارشەممە 6ی4ی2021، وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا کە کۆپییەکی گەیشتووە و تێیدا بڵاویکردووەتەوە: "ئەندازیار كەمال محمد ساڵح، وەزیری كارەبا پێشوازیی لە لیزا بۆ دۆنڵی كونسوڵی بەشی ئابووری لە كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لە هەولێر كرد و لەكۆبوونەوەیەكدا كونسوڵی بەشی ئابووری پشتگیریی ئەمریكای دووپات كردەوە بۆ حكوومەت و گەلی كوردستان بەگشتی و پرۆژە و كارەكانی وەزارەتی كارەبا بەتایبەتی و باسی بەشداری حكوومەتی ئەمەریكای كرد لە رێگەی قەرز و كۆمپانیاكانییەوە ئامادەیی تێدایە بۆ جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی گرنگ لەهەرێمی كوردستان لەناویاندا پرۆژەكانی كارەباش لەخۆدەگرێت".
ئاماژە بەوەش دراوە، لای خۆیەوە وەزیری كارەبا وێڕای سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەمریكا باسی لەچەند پرۆژەیەكی ستراتیژی وەزارەتی كارەبا كردوو داوایكرد گەورە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە بەشداربن لە جێبەجێكردنی ئەو پرۆژانە بەتایبەتی پرۆژەی سكادا بۆ كۆنترۆڵی كارەبا و جێبەجێكردنی چەند وێستگەیەكی گۆڕینی كارەبای 400 كەی ڤی و ئەنجامدانی پرۆژەی بەرهەمهێنانی كارەبا بەهاوشێوەی وێستگەی غازی گەرمیان كە بەسوود وەرگرتن لەغازی بەفیڕۆچوو لەناوچە جیاجیاكانی كوردستان بونیادبنرێت، هەروەها باسی لەگرنگی راكێشانی بۆری غازی بۆ وێستگەی 1000مێگاواتی كارەبای كواشی لە پارێزگای دهۆك كرد، كە دەكرێت لەرێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە جێبەجێبكرێت و بۆ بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە.
هەروەها ئەوەش خراوەتە روو، کە كونسوڵی ئابووری كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر ئامادەیی دەربڕی لەرێگەی وەزارەتە پەیوەندارەكانی وڵاتەكەیەوە بانگێشتی ژمارەیەك لەگەورە كۆمپانیاكانی ئەمریكا بكات بۆ گفتوگۆكردن و دانیشتن لەگەڵ وەزارەتی كارەبا، هەروەها میكانیزم و شێوازی پێدانی قەرزەكەی خستەڕوو كە قەرزێكی درێژخایەنە و بەسوودێكی زۆر كەم.
basnews -
