وەزیری کارەبا: لە هاویندا کاژێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد دەکەین
بە مەبەستى تاوتوێکردنى گیروگرفتەکانى کارەبا لە هەرێمى کوردستان و هەموارکردنەوەى یاسای ژماره (5)ی ساڵی 2006ی یاسای وهزارهتی كارهبای ههرێمی كوردستان، وەزیرى کارەبا سەردانى پەرلەمانى کوردستانى کرد و لەگەڵ لیژنەى وزە و سامانە سرووشتییەکانى پەرلەمان کۆبووەوە.
کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبای هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "لە هاویندا کاژێرەکانی پێدانی کارەبا زیاد دەکەین. خەڵکی کارەبای دەوێت. پێشتر زیاتر لە 40%ی کارەبا ون دەبوو، بەڵام بە دانانی 568 هەزار پێوەری زیرەک بۆ ماڵان، ئەو ونبوونە بۆ نزیکەی 30% دابەزیوە. بە تەواوبوونی دانانی پێوەر وەکو وڵاتانی دراوسێ، ئیدی ونبوونەکە لە رادەی ئاسایی نزیکدەبێتەوە کە 8% بۆ 10%یە".
عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی لیژنهى وزه و سامانە سرووشتییهكان و پیشهسازى و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان کە ئامادەی کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە بوو، گوتی "پلانی نوێ ئەوەیە سوود لە وزە نوێیەکان وەربگرین، ئیدی با بێت یاخود تیشکی خۆر یان هەر سەرچاوەیەکی دیکە. بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆمان کرد و دوای خوێندنەوەی یەکەمیش ئێستا خەریکی ئامادەکردنی راپۆرتین بۆ خوێندنەوەی دووەم تاوەکو لە 10 رۆژی ئاییندەدا یاسای تایبەت بە وەزارەتی کارەبا دەرچوێندرێت، ئەم یاسایە وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت تاڕاددەیەکی باش کێشەی کارەبا لە کوردستان چارەسەر دەبێت".
لە 31ی ئاداردا خوێندنەوەی یەکەم بۆ یاسای ژماره (5)ی ساڵی 2006ی یاسای وهزارهتی كارهبای ههرێمی كوردستان کرا. وەزیری کارەبا گوتی "ئەو خاڵانەی یاساکە گۆڕانکارییان تێدا دەکرێت. هەندێکیان پەیوەندیدارن بە هەیکەلی وەزارەت. لە ساڵی 2006 کەرتی تایبەت لەناو بابەتەکەدا نەبوو، ئەوەش زیاد دەکرێت، هەروەها سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر، با و ئاو، ئەو بابەتانەش لە گفتوگۆکانمان لەگەڵ پەرلەمان باس کران".
rudaw -
