لەبارەی پارەی مانگانەی مۆلیدەوه‌ ڕوونکردنەوە دەدرێ

لەبارەی پارەی مانگانەی مۆلیدەوه‌ ڕوونکردنەوە دەدرێ
لێپرسراوی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر ئاشکرای دەکات، مانگی ڕابردوو نرخی ئەمپێرێک کارەبا لە نێوانی 6 هەزار دینار بۆ 8 هەزار و 250 دینار بووە.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 4/4/2021، ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، ڕايگەیاند: "کرێی مۆلیدە ئەهلییەکان بۆ مانگی سێ بۆ هەر کاتژمێرێک 36 دینار دینار دیاریکراوە، کە ئەمپێری به گشتی له نێوان 6 هەزار دینار بۆ 8 هەزار و 250دینارە".

ڕوونیشی کردەوە بە گشتی مۆلیدەکان ڕۆژانە 6 کاتژمێر کارەبایان داوەتە هاووڵاتییان، "جیاوازیی نرخەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، لە هەندێک شوێن کارەبای نیشتمانی زۆرتر هەبووە و لە هەندێک شوێنی تریش بەهۆی بارقورسی، کارەبا کەمتر دراوە".

سەبارەت بە خۆپیشاندانی ئەمڕۆی هەندێک خاوەن مۆلیدە، قارەمان مەولوود گوتی: "ژمارەکی کەم لە خاوەن مۆلیدەکان گلەییان لە کەمیی نرخ هەبوو، بەڵام گاز هەرزان بووە و کارەباشیان کەمتر داوەته‌وه‌، ئەگەر نا ئەو نرخەی داندراوە 36 دینار بۆ هەر کاتژمێرێک کەم نییە".

جەختیشی کردەوە له ناو هەولێر زیاتر لە هەزار مۆلیدە هەیە و لە دەوروبەریش 900 مۆلیدە هەن، تەنیا 50 کەسێکیان ناڕازی بوونه‌، ئەوانی تر رازین و هیچ کێشەیەکیان نییە.












باسنيوز


Top