وەزارەتی پێشمەرگە: مەشق‌ و راهێنانه‌كانی پێشمەرگە نەوه‌ستاون

وەزارەتی پێشمەرگە: مەشق‌ و راهێنانه‌كانی پێشمەرگە نەوه‌ستاون
جێگری سەرۆكی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە رای دەگەیەنێت، بەرنامەی ساڵانەی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ مەشق و راهێنانەكان بەشێوەی ئاسایی خۆی بەرێوە دەچێ و رێكارەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا كاریگەری نەكردووه‌تە سەر پرۆسەكە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 4/4/2021، سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگه‌، لەسەر زاری لیوا قارەمان كەمال، جێگری سەرۆك ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئۆپەڕاسیۆنەکان بڵاوی کردەوە: "ساڵانە وەزارەتی پێشمەرگە بەرنامەیەكی تایبەت بۆ مەشق‌ وراهێنان بە لیواكانی پێشمەرگە دادەرێژێ، ئێستا ئەو بەرنامەیە دەستی پێكردووە و پێشمەرگە لە مەشق ‌و راهێنان بەردەوامن".

لیوا قارەمان، گوتیشی: رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا، كە لە هەرێمی كوردستان بڕیاریان لەسەر دراوە، كاریگەری نەكردووه‌تە بەرنامەكەی مەشق وراهێنان بە پێشمەرگە، پڕۆسەکە بە گوێرەی ئەو خشتەیەی داندراوە بە شێوەیكی ئاسایی بەرێوە دەچێت.

بەرپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەش كردووە: لە كاتی ئێستا مەشق و راهێنانەكان، بە هێزەكانی پێشمەرگە لەسەر دەستی مامۆستایانی ناوخۆن و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەن بەردەوامە، كە پێشتر لەلایەن هاوپەیمانەوە بۆئەو مەبەستە ئامادە كراون.












باسنيوز


Top