لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێک لە خەڵک بۆ کڕینی مریشک ناودەنووسن

لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەشێک لە خەڵک بۆ کڕینی مریشک ناودەنووسن
لە کاتێکدا کۆرۆنا جارێکی دیکە بووەتەوە هۆی مەترسییەکی جیددیتر لەسەر هاونیشتمانیان، رۆژانە لەبەردەم هەموو دووکانێکی مریشکفرۆشیدا لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم کۆبوونەوانەی خەڵک و وەستان لە نۆرەی کڕینی مریشکدا دەبیندرێت.


وایلێهاتووە خەڵک بۆ کڕینی مریشکێک ناویان بنووسن بکەن. مەهین ستوودە، هاونیشتمانییە لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان و دەڵێت، کوڕەکانی دوو رۆژە ناویان بۆ نووسیوە، ئینجا توانیویەتی مریشکێک بۆ سێزدە بەدەر بکڕێت.


خاوەن پەلەوەرخانەکان لە شارە بچووکەکان، بە بیانووی ئەوەی نرخی حکومی مریشک کە پێشتر 20 هەزار و 400 تمەن دابینکرابوو، لە قەدەری ئەو تێچووانەدا نییە کە بۆ بەخێوکردنی مریشک پێویستە، بەرهەمەکانییان هەناردەی شارە گەورەکان یان هەرێمی کوردستان دەکەن کە لەوێ پارەی زیاتریان بۆ دەکات.

ئارمان قارەمانی، مریشک فرۆشە و ئاماژە بەوە دەکات، "سێزدەبەدەرە و مریشک کەمە، خاوەن کێڵگەکان نایهێنن لە مەریوان بیفرۆشن، بەڵام دەیبەن لە شارەکانی دیکە بە گرانتر دەیفرۆشن. ئیدی بۆیە خەڵکیش دەبێت لە سرەدا بووەستن تاوەکو مریشکیان دەست بکەوێت."

حکومەت بۆ جێگیرکردنی نرخی مریشک و بڕینی بیانووی خاوەن پەلەوەرخانەکان، نرخی مریشکی کردە 24 هەزار و 900 تمەن. هەرچەندە بەرزکردنەوەی نرخی حکومی، نرخی بازاڕیش بەرز دەکاتەوە و تەنیا ئەمڕۆ لە هەندێک لە شارەکان لە نرخی پێشووەوە کە نزیکەی 30 هەزار تمەن بووە، تاوەکو 35 بۆ 40 هەزار تمەن هەڵکشاوە، بەڵام هێشتاش لە دووکانەکان ئەو کاڵایە هەروا کەمە.

عەبدوڵڵا مەلاکانی، هاونیشتمانیی مەریوانە و باس لەوە دەکات، "نازانین بۆچی مریشک کەمە، لەوانەیە بۆ دەروازە سنوورییەکان و ئێران بچێت."

هەندێک لە دووکاندارەکان بۆ ئەوەی سوودێکی زیاتریان دەستبکەوێت، خۆراکی دیکەی وەک جگەر و سیقەتۆرەش لەگەڵ مریشکەکە دادەنێن.

لە یەک مانگی رابردوودا یەک لە خۆراکییە پێویستەکانی خەڵک لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە سەرەڕای گرانبوونی نرخەکەی، کەمیش دەستکەوتووە، مریشک بووە. پێداویستییەک کە لەوە ناچێ وا زوو کۆتایی بەم قەرەباڵخییانە بێنێت.
rudaw -
Top