ئومێد خۆشناو: چاوپۆشی لەهیچ کەس و لایەنێک ناکرێ كه‌ سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتیی بكا

ئومێد  خۆشناو: چاوپۆشی لەهیچ کەس و لایەنێک ناکرێ كه‌ سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتیی بكا
پارێزگاری هەولێر لەگەڵ شارەوانییەکان کۆدەبێتەوە و پێداگری له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسا و ڕێنه‌دان و چاوپۆشینه‌كردن له‌ سه‌رپێچی و زێده‌ڕۆیی هیچ كه‌س و لایه‌نێك.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3/4/2021، پارێزگاری هەولێر لە دیوانی پارێزگا، لەگەڵ سەرۆکایەتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شارەوانییەکان و سەرجەم فەرمانگەکانی شارەوانی کۆبووه‌وه‌.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هه‌ولێر ڕای گه‌یاند، باسمان لە ئاوی ماڵان و کەمیی ئاوی گەڕەکەکان کرد و جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە بۆ هاوینی ئەمساڵ نامانەوێت کەمترین کێشە و گرفتی کەمیی ئاو هەبێت.

پارێزگاری هەولێر تەئکیدی لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی پێشووتر کردووه‌تەوە و بەتایبەتی لێژنەکانی (کەمکردنەوەی ڕۆتین، سەرپێچیی، مولیدەکان) كرد.

ئومێد خۆشناو له‌ به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، پێداگریی له‌وه‌ كرد، كه‌ "بەهیچ شێوەیەک نابێت چاوپۆشی لەهیچ کەس و لایەنێک بکرێت سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر موڵکی گشتیی و ناوچەی سەوزاییەكان ئەنجام بدات".

سەبارەت بە کەمکردنەوەی ڕۆتین و مولیدەکانیش پارێزگاری پایته‌خت لێژنەی دیاریکراوی ڕاسپارد لە زووترین كاتدا میکانیزمێکی دروست بدۆزنەوە، بە تایبەتی له‌باره‌ی زۆریی ڕۆتین لەفەرمانگاکان، کە لە بەردەم ڕاییکردنی مامەڵە و کاروباری هاووڵاتییاندا بووه‌تە گرفت.

لە تەوەرێکی دیكه‌ی کۆبوونەوەکەدا، سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکانیش باسی لێوه‌ كرا و پارێزگار دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌ "شارەوانییەکانمان ڕاسپارد لە زووترین کاتدا کۆتایی بەو حاڵەتە بهێنن و بەهەموو شێوەیەک سەربرینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەکان قەدەغەیە و هەرکەس ئەنجامی بدات ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا بگرنەبەر".











باسنيوز

Top