پەرلەمانتارێك: ئیرادەی بەھێزی مەسرور بارزانی پیلانی خیانەتکارانی تێکشکاند
چیا حەمید شەریف، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان (فراكسیۆنی پارتی) رايگەیاند، مەسرور بارزانی لەگەڵ پێکھێنانی کابینەکەی شاندی دانوستانکاری پێکھێنا تا بەردەوام بن لە دانوستان و بگەنە رێککەوتن.
روونیشی كردەوە كە وێڕای ئەو ئاستەنگانەی لە هەر لایەكەوە بێت خرانە بەردەم حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ شكستهێنان بە ڕێككەوتن یان فشارلێكردنی بۆ خۆبەدەستەوەدان، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پاراستنی مافەكانی خەڵكی كوردستان پێداگر بوو.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: ”تاقمێكی خۆفرۆش و خیانەتکار کە پێشتر خۆیان شاندی دانوستانکاریان بە شاندێكی لاواز دەزانی، بەڵام بە ئیرادەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و پێداگرییەكەی توانی ھەولێر و بەغدا بگەیەنێتە رێککەوتن، كەچی دوای پەسەندکردنی بودجە، ئەو تاقمە خۆفرۆشە خۆیان وەك خاوەنی دەستکەوتەکان دەناسێنن، بەڵام خەڵکی كوردستان زۆر ھۆشیارن و دەزانن کێ مافە دەستوورییەكانی پاراستن و كێش دەیویست خۆ بچەمێنینەوە“.
چیا حەمید دووپاتی كردەوە: ”هەر بە ئیرادەی بەھێزی مەسرور بارزانی بوو تواندرا رێککەوتنی ئاساییكردنەوەی شنگال بکرێت، ئێستاش بەو ئیرادەوە کار بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەكرێت“.
كۆتایی هەفتەی رابردوو، یاسای بودجەی عێراق پاش رێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنەكانی عێراق پەسەند كرا و پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی ٢٠٢١ی عێراقدا جێگیر كرا و جەختیش لە یاساییبوونی پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كرایەوە.
باسنيوز
