لە مانگی ئاداردا 916 هەزار دەرفەتی کاری نوێ لە ئەمریکا رەخساون

لە مانگی ئاداردا 916 هەزار دەرفەتی کاری نوێ لە ئەمریکا رەخساون
وەزارەتی کاری ئەمریکا ئاماری رەخساندنی هەلی کار و رێژەی بێکاری بۆ مانگی ئاداری ئەمساڵ بڵاوکردەوە. بەگوێرەی ئامارەکە، لەو مانگەدا 916 هەزار کەس لە ئەمریکا کاریان دەستکەوتووە؛ لەکاتێکدا شرۆڤەکاران پێشبینیان دەکرد 647 هەزار هەلی کاری نوێ بڕەخسێن.

دروستبوونی دەرفەتی کاریش بەو جۆرەی بڵاوکراوەتەوە، رێژەی بێکاری لە ئەمریکا بۆ 6٪ دابەزاند کە لە مانگی شوبات رێژەکە 6.2٪ بوو.

راپۆرتەکەی وەزارەتی کاری ئەمریکا پیشانیدەدات، لە مانگی ئابی ساڵی رابردووەوە، ئەوە جاری یەکەمە نزیکەی ملیۆنێک دەرفەتی کاری نوێ لە ئەمریکا دەڕەخسێن، یەک لەسەر سێی هەلی کاری نوێش لە کەرتەکانی میوانخانە و رێستۆرانتدان. وەزارەتی کار باسی لەوەشکردووە، هێشتا کاریگەری قووڵ بەسەر ئابووریی ئەمریکاوە دیارە، ئەوەش بەهۆی رێکارەکان و داخستنی ویلایەتەکان بۆ ماوەی ساڵێک.

وەزارەتی کاری ئەمریکا دەڵێت، هەرچەندە چالاکییە ئابوورییەکان دەستیانپێکردووەتەوە و ژمارەیەکی زۆری خەڵکیش چوونەتەوە سەر کارەکانیان، هێشتا 8.4 ملیۆن کەس بەراورد بە پێش سەردەمی کۆرۆنا بێکارن کە دەکاتە 6٪ی کۆی هێزی کار لە ئەمریکا.

بەگوێرەی وەزارەتی کار، کەرتەکانی بەرهەمهێنان، ئاوەدانکردنەوە، پەروەردە و میوانخانە تا ئاستێکی باش بووژانەتەوە بەشێوەیەک 280 هەزار کەس لە کەرتی چێشتخانە کاریان دەستکەوتووە و 176 هەزار هەلی کاریش لە باڕەکان رەخساون.

ئەمڕۆ هەینی، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا باشبوونەوەی دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کۆتایی پەتای کۆرۆنا نزیکە، بازرگانییەکان دەکرێنەوە و دەستگەیشتن بە پێکوتەی کۆرۆنا زۆر خێرایە.

بایدن لە لێدوانێکدا گوتی، "هێشتا رێگەیەکی درێژمان لەبەردەمدایە بۆئەوەی ئابوورییەکەمان بگەڕێتەوە پێش سەردەمی کۆرۆنا کە بووەهۆی دروستبوونی خراپترین دۆخی ئابووری و بێکاری لەماوەی نزیکەی سەدەیەکدا."
RUDAW -
Top