داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵگرتنی چه‌ك ده‌كرێت

داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵگرتنی چه‌ك ده‌كرێت
لە كاتی رووداوە دڵتەزێنەكانی كوشتن و خۆكوشتن دوای لێكۆڵینەوەكانی ھێزە ئەمنییەكان دەردەكەوێت، كە زۆربەی رووداوەكان لە لایەن ئەو كەسانەوە ئەنجامدراون، كە چەكی بێ مۆڵەتیان ھەڵگرتووە.

بە وردبوونەوە لە لێكۆڵینەوەكانی ھێزە ئەمنییەكان، دەردەكەوێت كە ژمارەیەكی دیاری رووداوەكانی كوشتنن، لەلایەن ئەو كەسانەوە ئەنجام دەدرێن كە چەكی بێ مۆڵەتییان ھەڵگرتووە، بەجۆرێك ئێستا چەك لە دەست ئەو كەسانە دایە، كە نە پێشمەرگەن نە پۆلیس و ئاسایشن.

بڕیاردەری لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان گوتی: "پێویستە یاسای تایبەت بە ھەڵگرتنی چەك ھەموار بكرێتەوە و چەك لە دەستی ھەموو كەسێكدا نەبێت بۆ ئەوەی كارەساتی دڵتەزێنی لێنەكەوێتەوە".

لەچەند رۆژی رابردوو، رووداوێكی كوشتن لەنێو وەزارەتی كارەبا روویدا، كاتێك تەقەكەرەكە فەرمانبەرێكی ئاسایی وەزارەت بوو، بەڵام توانیی چەكێك پەیدابكات و كارەساتێكی گەورەی پێ ئەنجامبدات.

سەعید حەمەدئەمین، توێژەری كۆمەڵایەتی باسی لە دیوە مەترسیدارەكەی ھەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت كرد و گوتی: "لەئەنجامی تووڕەبوونێك، دەكرێت كارەساتێك بقەومێت".

حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە رێی وەزارەتی ناوخۆوە، لە ھەوڵدایە بۆ ئەوەی چەك تەنیا لە دەست ئەو كەسانە بێت، كە لە ناو ھێزەكانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەكان دانە، ئەویش تەنیا لەو كاتانەی لە كاتی دەوامدان. بڕایاریش وایە سزاكان توندتر بكرێن بۆ ئەو كەسانەی چەكی بێ مۆڵەت ھەڵدەگرن.
k24 -
Top