پەسەندکردنی بودجە شەرعیەتی فرۆشتنی نەوتی کوردستانی پشتڕاست کردەوە
د. هاوڕێ مەنسوڕ بەگ، پڕۆفیسۆری زەوی ناسی و شارەزا لە بواری نەوت ڕای گەیاند، پەسەندکردنی بودجە شەرعیەتی فرۆشتنی نەوتی کوردستانی پشتڕاستکردەوە، گوتیشی: “تێپەڕاندنی یاسای بودجەی عێراق، شەرعییەتدانە بە پیشەسازیی نەوتی کوردستان لە لایەن بەرزترین ھەیئەتی یاسادانان لە عێراق و پشتڕاستکردنەوەی دەستوورییەتی پرۆسەکانی دەرهێنان و چەسپاندنی مافی کۆمپانیا بیانییەکانیشە لە ھەرێمی کوردستان”.
ڕاشی گەیاند، رێکەوتنەکە سەرکەوتنێکی بەرچاوە بۆ سەرۆکی حکومەت و کابینەکەی، چونکە ھەرێمی کوردستان دەچێتە قۆناغێکی نوێی کاری دانوستاندن و دیپلۆماسی، گوتیشی: “پێداگریی سەرۆکی حکوومەت لەسەر دەستوور و سازشنەکردن لە سەر بنەمای شەراکەتی فعلی، ھۆکاری سەرەکی سەرکەوتنی ئەو گەڕەی دانوستاندن بوو لە بەغدا”.
ئاماژەی بەوەش دا، پێویستە ئێستا ھەموو ھەوڵێک بۆ ئەوە بێت کە پاساو نەدەینە دەست حکوومەتی ناوەند بۆ جێبەجێنەکردنی بڕگەکان، گوتیشی: “نەیارانی ڕێککەوتنەکە زۆرن و لە بۆسەدان، ڕێککەوتنەکە تا سنوورێک ھاوسەنگە و لە ھەمووشی گرینگتر سەروەریی ھەرێم پارێزراوە. لەمبارەوە، ھێنری کیسینجەر دەڵێت: “باشترین دەرچە بۆ چارە سەرکردنی کێشەکان ئەوەیە کە ھەردوولایەنی ناکۆک کاتێک لەسەر مێزی گفتوگۆ ھەڵدەستن، ھیچیان ھەست بە شکانی شکۆ نەکەن”، لێرەدا ھەست دەکەم تا ڕادەیەکی باش لەو ڕێککەوتنەدا ئەوە ڕوویداوە”.
لەلایەن خۆشیەوە، چاودێرێکی سیاسی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، سەرەڕای بەربەستی زۆر، حکوومەت و شاندەکەی، بە پشوودرێژییەوە توانیویانە بە ئەرێنی سەرکردایەتیی دانوستان لەگەڵ بەغدا بکەن. ئاماژە بەوەش دەدات، دەستوور تاكە بنەمای هاوبەشە، کە هەرێمی کوردستان و عێراق بەیەكەوە دەبەستێتەوە و گرنگە رێککەوتنەکان لەو چوارچێوەیە دەرنەچن.
بورهان رەئوف، چاودێری سیاسی لە سلێمانی ڕای گەیاند، حکوومەت و شاندەکەی، بە پشوودرێژییەوە توانیویانە بە ئەرێنی سەرکردایەتیی دانوستان لەسەر بنەمای دەستووردا بکەن، چونکە دەستوور تاكە بنەمای هاوبەشە، کە هەرێمی کوردستان و عێراق بەیەكەوە دەبەستێتەوە و گرنگە رێککەوتنەکان لەو چوارچێوەیە دەرنەچن.
گوتیشی: “گرنگتر لەمە، پابەندبوونە بە رێککەوتن و دەستوورەوە، ئەوەی لەم دانوستانەدا بینرا ئەوە بوو، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندەکەی لەو ماوە درێژەی دانوستان توانیان بە ئارامی و پشودرێژی، سەركردایەتیی ئەو گفتوگۆ قورسە بکەن، سەرەڕای بەربەستە زۆرەكان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لە بەغداش، کە بۆیان دروست کرا، بەڵام لە ئەرکەکەیان سەرکەوتوو بوون”.
باسنيوز
