سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا: مەسرور بارزانی ڕۆڵی سەرەکی لە ڕێککەوتنی بودجە هەبوو

سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا: مەسرور بارزانی ڕۆڵی سەرەکی لە ڕێککەوتنی بودجە هەبوو
سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت، لە ڕێککەوتنی بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی سەرەكی هەبوو.

فارس عیسا، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا رايگەیاند: "کاک مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵێکی سەرەکی لە ڕێککەوتن و جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراقدا هەبوو".

ڕوونیشی كردەوە: "کاک مەسرور ڕۆڵی هەبوو لە پەیوەندیکردن لەگەڵ مستەفا کازمی و حەلبووسی و سەرۆک و ئەندامانی لێژنەی دارایی و سەرکردە سیاسییەکان و بانگهێشتکردنیان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵیان لە هەولێر، هەروەها بەردەوام پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵیاندا هەبوو".

فارس عیسا جەختی کردەوە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سوور بوو لەسەر پاراستنی مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام لەگەڵی شاندی هەرێمی كوردستان لەسەر هێڵ بوو، ئەوەش ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو بۆ شاندەکە.

سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا ئەوەشی خستە ڕوو، ڕێککەوتن لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان له بودجە، دەرفەتێکی باشە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و قۆناغێکی سەقامگیر و نوێ لەنێوان هەولێر و بەغدا.












باسنيوز

Top