نێچیرڤان بارزانی په‌یامێكى بە بۆنەی پەسەندكردنی بودجەی عێراقه‌وه بڵاو كرده‌وه
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه 1/4/2021، نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه و ده‌ڵێت: "بەبۆنەی پەسەندكردنی بودجه‌ى عێراقه‌وه، پیرۆزبایى له گه‌لى عێراق و دەستخۆشی لە سەرۆكایەتى و هەموو فراكسیۆنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكەم".
باسى له‌وه‌ش كردووه: "هەوڵەكانی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانى عێراق بۆ كەمكردنەوەی ناكۆكییەكان و ڕێككه‌وتن، مایه‌ى ڕیز و سوپاسن، بۆ چارسه‌ركردنى كێشه‌كان و سه‌قامگیرى و ئاوه‌دانى و ئاینده‌یه‌كى باشتر، عێراق پێویستى به هاریكاریى هاوبه‌ش و كارى پێكه‌وه‌یى هه‌یه و ده‌بێ هه‌موومان پشتیوانى له‌و ئاراسته‌یه بكه‌ین".
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌ش داوه: "ده‌ستخۆشییه‌كى تایبەت لە قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی شاندی دانوستاندنكاری حكوومەتى هه‌رێمى كوردستان دەكەم، كە له‌گه‌ڵ ئەندامانی شاندی هەرێمی كوردستان به پشوودرێژی و سه‌ركه‌وتوانه دانوستاندنێكی سەختیان تێپەڕاند، دەستخۆشی لە فراكسیۆنە كوردستانییەكان ده‌كه‌م كە هاوكار و پشتیوانیی یەكتر و شاندی حكوومەتى هه‌رێمى كوردستان بوون بۆ جێگیركردنی بەشی هەرێمی كوردستان لە بودجەی عێراقدا".
نێچیرڤان بارزانى ئه‌وه‌شى خستووه‌ته ڕوو: "هیوادارین هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندى یاساكە بن، په‌سه‌ندكردنى بودجە دەتوانێت سەرەتایەكی باش و هاندەرى چارەسەركردنی كێشەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵ بێت، جێبه‌جێكردنى یاساكه دەبێته هۆی بەهێزكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و پێكه‌وه‌ژیان و چەسپاندنی مافی هاووڵاتیبوون بۆ هەموان، دەرگای گفتوگۆیەكی بەرهەمدار بۆ هەموو لایەنەكان ده‌كاته‌وه تا پێكه‌وه له‌پێناو سەقامگیری و ئاوەدانی و پێشكه‌وتنى وڵات‌دا كار بكه‌ن".
باسنيوز
