پەیامێک لە ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمانەوە
لە پەیامەکەی ئەنجوومەنی باڵای کاروباری خانمان هاتووە: "باڵای کاروباری خانمان بەنیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە ئەم هەڵوێستە ناڕەواییەی ئەو پەرلەمانتارەو بە پاشەکشێی دەزانێت لە بەرەوپێشچوونی یەکسانی و دیموکراتیەت و ئازادی لە هەرێمی کوردستاندا".
ئاماژە بەوەش دراوە، "پێویستە ئەو پەرلەمانتارە داوای لێبووردن لە خانمان بکات و پەرلەمانتاران بە گوێرەى ئەو پەیڕەو و یاسایانەى کە خۆیان دەریان کردووە رێز لە ژنان بگرن و رێگەنەدەن جارێکی تر لەم ناوەندە باڵایەى یاساداناندا لە هەرێمی کوردستان، کەسانێک هەبن کە سوکایەتی بە ژن بکەن".
دەقی پەیامەکە:
لەگەڵ ئەوەى پەرلەمان بەرزترین دەسەڵاتەو پیرۆزی خۆی هەیە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن کەسێکەوە کە نوێنەری گەلە، سوکایەتی بە رۆل و پێگەى رەگەزی مێینە دەکرێت، دەستەواژەی نەگونجاو لە دژی خانمان بەکاردێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی پشێوی و شڵەژانی رەوشی کۆمەڵایەتی.
بەداخەوە ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ى ئاداری ٢٠٢١ لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستاندا، لەلایەن پەرلەمانتارێک و نوێنەرێکی گەلەوە هێرشکرایە سەر رۆل و پێگەى ژنانی کوردستان، ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ ڕق و کینەو ناتەبایی کۆمەڵایەتى لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، کە لە روانگەى هێڵە گشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ یەکسانی نێوان هەردوو رەگەز دەکات لە سەرجەم بوارەکاندا، بەنیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕوانێتە ئەم هەڵوێستە ناڕەواییەی ئەو پەرلەمانتارەو بە پاشەکشێی دەزانێت لە بەرەوپێشچوونی یەکسانی و دیموکراتیەت و ئازادی لە هەرێمی کوردستاندا.
بۆیە پێویستە ئەو پەرلەمانتارە داوای لێبووردن لە خانمان بکات و پەرلەمانتاران بە گوێرەى ئەو پەیڕەو و یاسایانەى کە خۆیان دەریان کردووە رێز لە ژنان بگرن و رێگەنەدەن جارێکی تر لەم ناوەندە باڵایەى یاساداناندا لە هەرێمی کوردستان، کەسانێک هەبن کە سوکایەتی بە ژن بکەن.
ئێمە لە ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان، هەموو هەوڵێکمان بۆ بەرزڕاگرتنی رۆل و پێگەى ژنان بێت لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان
٣١ی ئاداری ٢٠٢١
basnews -
