پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی سەری ساڵی بابلی ئاشووری

پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی سەری ساڵی بابلی ئاشووری
ئەمڕۆ چوارشەممە سەرۆك مەسعود بارزانی پەیامێكی پیرۆزبایی بە بۆنەی سەری ساڵی بابلی ئاشووری بڵاو كردەوە.

لە پەیامەكەی سەرۆك مەسعود بارزانیدا هاتووە "بە بۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری و جەژنەكانی ئەكیتۆ، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی گەلی كلدان سریان ئاشووری لە كوردستان و عێراق و هەموو جیهان دەكەم، ئومێدی ئەوە دەخوازم، سەری ساڵی تازەی ئاشووری بابلی دەستپێكێكی تازە بێت بۆ كۆتاییهاتنی ئەو ئازار و نەهامەتییانە كە لە ئەنجامی هزری توندڕۆیی و تیرۆر بۆ خوشك و برا كریستیانەكانمان هاتووەتە ئاراوە".

لە بەشێكی تری پەیامەكەدا هاتووە "لەو بۆنەیەدا ئەوە بۆ خوشك و برایانی كلدان سریان ئاشووری و هەموو پێكهاتەكانی تری كوردستان دووپات دەكەمەوە كە ئێمە هەموومان لەدژی تیرۆر و جیاكاری لە یەك بەرەداین و لە مرۆڤبووندا براین و لە خۆشی و ناخۆشیدا یەك چارەنووسمان هەیە و ، پێویستیشە فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتیی نێوان هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان پارێزراو بێت و قووڵتر ببێت".

سەرۆك بارزانی لە كۆتاییشدا نووسیویەتی "هیوادارم هەموو جەژن و بۆنەكان لە ئاشتی و ئارامی و دوور لە پەتا و نەخۆشیدا بكەنەوە".














باسنيوز

Top