له‌ هه‌ولێر دوو پشتێنەی سەوزایی دروست دەکرێن

له‌ هه‌ولێر دوو پشتێنەی سەوزایی دروست دەکرێن
سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ هه‌ولێر دوو پشتێنەی سەوزایی دروست دەکرێن، بەرنامەشیان هەیە ڕێژه‌ی سه‌وزایی له‌ هه‌ولێر بگه‌یه‌ننه‌ 25%.

عه‌بدولواحید ئه‌حمه‌د، سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "شاره‌وانیی هه‌ولێر كار له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی پشتێنه‌ی سه‌وزایی هه‌ولێر ده‌كات و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو پشتێنه‌یه‌ جێبه‌جێ بكرێن، كه‌ پانیی یه‌كه‌میان دوو كیلۆمه‌تر و درێژییه‌كه‌ی 80 كیلۆمه‌تر ده‌بێت، سه‌رجه‌می ڕووبه‌ره‌كه‌ی ده‌گاته‌ 160 كیلۆمه‌تر دووجا".

سەبارەت بە ڕێژەی سەوزایی له‌ شاری هه‌ولێر گوتی: " ئێستا ڕێژەکە نزیکه‌ی 19%یه‌، له‌ به‌رنامه‌دایه‌ ئه‌و ڕێژه‌یه‌ بۆ %25 زیاد بكه‌ین".

لای خۆیەوە ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری پارک و ئەندازەکانی هەولێر ڕاگەیاند: "نەمامگەكانی ئەندازەی پاركەكانی هەولێر ساڵانە نزیكەى 200 هەزار دار و گوڵ بەرهەم دەهێنن، ساڵانەش ژمارەیەكی زۆر دار و نەمام و گوڵ دەچێندرێن".

ئه‌وه‌شى خسته‌ ڕوو، ساڵی رابردوو وێرای قەدەغەی هاتوچۆ، هەزاران دار و گوڵیان چاندووە، گوتیشى: "قەدەغەی هاتوچۆ وای نەکرد ئێمە بووەستین، بەڵکوو لەو ماوەیەدا سەرەتا 60 هەزار گوڵ و دارمان چاند، دواتر گەیشتە پلانی کۆتایی و بووە 100 هەزار دار و گوڵ، ئەمساڵیش 30 بۆ 40 هەزار دار و گوڵ و نەمامی دیكه‌ دەچێندرێن، تەنیا بۆ ناو شاریش نابێت بۆ دەوروبەری هەولێریش دەبێت".

ڕێبین ئەحمەد جەختی له‌وه‌ش کردەوە، پشتێنه‌ی سەوزایی بۆ زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی زۆر گرنگە، باسى له‌وه‌ش كرد: "ئامانج له‌ دروستكردنى پشتێنه‌كان، زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و پاککردنی هەوا و جوانکردنی شارە".


باسنیوز
Top