نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن کۆک بووین کە هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە

نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ سەرۆک ماکرۆن کۆک بووین کە هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دوا رۆژی سەردانەکەیدا بۆ فەرەنسا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەگەڵ سەرکۆماری فەرەنسا کۆک بووە لەسەر ئەوەی هێشتا تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31-3-2021، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە پاریس، رایگەیاند، فەرەنسا رۆڵێکی گەورەی لە هاوکاریی سەربازیی و مرۆیی عێراق هەیە و ئامادەن هاوکاریی زیاتری عێراق بکەن.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 29-3-2021، نێچیرڤان بارزانی بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە پاریس و رۆژی دواتر (دوێنێ) لە کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزی)، لەگەڵ ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە.

نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کاردانەوەی ئیمانوێڵ ماکرۆن لە سەر سەردانەکەی پاپا فرانسیسی پاپای ڤاتیکان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، کە لە رۆژانی 5 تا 8ـی ئەم مانگە (مانگی 3) ئەنجامی دا، رایگەیاند، ”سەرۆک ماکرۆن پیرۆزبایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد بۆ سەردانی پاپا فرانسیس، کە سەردانێکی سەرکەوتوو بوو''.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گفتوگۆکردن لەبارەی مەترسییەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ ئیمانوێڵ ماکرۆن کرد و رایگەیاند، ”هەردوولا کۆک بووین لەسەر ئەوەی هێشتا هەڕەشەی تیرۆر هەڕەشەیەکی جدییە“.

تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکۆماری فەرەنسا، پرسی کێشەکانی عێراق بووە، لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، سەرکۆماری فەرەنسا ”ئامادەیی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق“ و پشتگیریشی لە دانوستاندنەکان کردووە“.

نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، تیشکی خستە سەر پرسی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021 و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان تێیدا و رایگەیاند، ئەو شێوە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەولێر، ”بە هیچ جۆرێک فیدراڵی نییە و لە دونیا وێنەی نییە. ”سیستەمی فیدراڵی تاوەکو ئێستا لە عێراق جێگیر نەکراوە''.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هیوای خواستووە پەرلەمانی عێاراق دەنگ بەو رەشنووسە بدات و پەسەندی بکات، کە هەولێر و بەغدا لەسەری رێککەوتوون.




باسنیوز
Top