دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بۆ خەڵکی لۆڕستان: بڕیار لەسەر چارەسەری کێشەکان دەدەین
ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران رایگەیاند "ماوەیەک پێش ئێستا 22 کەس لە هاوکارانمان سەردانی هەموو شارەکانی پارێزگای لۆڕستانیان کردووە و بارودۆخی فەرمانگەکان و بەڕێوەبەرایەتیی دادی هەموو شارەکانی لۆڕستانیان تاوتوێ کردووە. لەڕێگەی چەند راپۆرتێکەوە ئێمەیان ئاگادارکردووەتەوە. ئێمەش ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی دادوەریی پارێزگای لۆڕستان بە ئامادەبوونی نوێنەری رێبەری کۆماری ئیسلامی و پارێزگاری لۆڕستان، بڕیار لەسەر چۆنێتیی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەین".
رەنگە کێشەکانی پارێزگای لۆڕستان بابەتێک نەبێت کە لە سەردانێکی وەهادا چارەسەر بکرێن. لە رێژەی بەرچاوی بێکاری و هەڵاوسانی ئەو پارێزگایەوە تاوەکو کێشەی پێڕاگەیشتنی حکومی لەڕووی ئاوەدانی و خزمەتگوزارییەوە، یەک بە یەک ئەو خاڵانەن کە دەنگی هەموو دانیشتووانی پارێزگاکەی دەرهێناوە.
لە پارێزگای لۆڕستان کۆمەڵێک دۆسیە دەخرێنە بەردەم رەئیسی، لەوانەش دۆسیەی فرۆشتنی بەشی پیشەسازیی ئەو پارێزگایە بە کەرتی تایبەت، بڕینەوەی دارەکانی دارستانی زاگرۆس لە پارێزگای لۆڕستان و کێشەی کەمئاویی پارێزگاکە.
کارگەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی پارێزگای لۆڕستان 40 ساڵ لەمەوبەر دامەزراوە. مانگانە 90 بۆ 100 ئۆتۆمبێلی دروستکردووە و هەلی کاری بۆ نزیکەی 300 کەس رەخساندووە. ماوەی چوار ساڵە بە کەرتی تایبەت فرۆشراوە و لەوکاتەوە داخراوە. ئیبراهیم رەئیسی سەردانی کارگەکەی کرد و مۆڵەتی نۆ مانگی دایە کاربەدەستانی کارگەکە بۆئەوەی کارگەکە بەگەڕبخەنەوە.
لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی دادی پارێزگای لۆڕستانیش پێداگری لەسەر رووبەڕووبوونەوەی داربڕەکانی ئەو پارێزگایە کرد و لەسەر بابەتی ئاویش گوتی، دابەشکردنی ئاو بەسەر هەموو دانیشتووانی پارێزگاکەدا دەبێت بە خێرایی جێبەجێ بکرێت
rudaw -
