USAID پێداویستییەکانی سنووردارکردنی کۆرۆنا بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات
كۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە هەولێر بڵاوی كردەوە كە ئاژانسە ئەمریكییەكە پێداویستیە گرنگەکان و کەلوپەلی خۆپارێزی کەسی و دەستپاککەرەوە و ئامێری پێوانەی ئۆکسجین و پێداویستی پاککەرەوەی بۆ مامۆستایان و خوێندکارانی سێزدە زانکۆی حکومی دابین كردووە.
هەروەها لە میانی ڕێوڕەسمی ڕادەستکردنی کەلوپەلە بەخشراوەکان بە دکتۆر عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ڕۆب بێرکینز جێگری بەڕێوەبەری ئاژانسی ئەمەریکی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی رای گەیاند "ئەمەریکا شانازی بە گێڕانی ڕۆڵی ڕابەرایەتی خۆیەوە دەکات لە بەدەمەوەهاتنی جیهان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا، بەو کۆمەکانەشمانەوە کە لێرە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراقمان دابین کردوون".
كۆنسوڵخانەكە ئەوەشی راگەیاندووە كە ئەمەریکا چەندین جۆر لە کۆمەک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان دابین دەکات، لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئاژانسی ئەمەریکی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، پێداویستی پزیشکی و تاقیگەیی پێشکەش بە وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێم کرد بۆ باشترکردنی هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لەلایەن کەرتی تەندروستیی گشتییەوە. لە مانگی تشرینی یەکەمی 2020دا، یەکەی جیاکردنەوەی کۆرۆنا بە پشتیوانی دارایی ئاژانسی ئەمەریکی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، لە دهۆک کرایەوە.
هەروەها ئاژانسی ئەمەریکی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی، پشتیوانی چەندین هەوڵی تر دەکات، وەک چالاکییەکانی تایبەت بە ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی هەوکردن و، ڕاهێنانی کارمەندانی تەندروستی بۆ دۆزینەوە و جیاکردنەوە و هەروەها چارەسەرکردنی ئەو کەیسانەی گومانی کۆرۆنایان لێ دەکرێت، ئامادەکاری بۆ یەکەکانی جیاکردنەوە لە ناو بنکە تەندروستیە سەرەتاییەکان و کڕینی پێداویستیە پزیشکیەکان و دەرمان و پێداویستی تری پزیشکی، چالاکیەکانی تایبەت بە مەترسی کۆمیونیکەیشن و تێکەڵکێشی کۆمەڵگا، چاودێریکردنی نەخۆشی لە ناو کۆمەڵگا و ڕێوشوێنەکانی هاندانی خاوێنی و دابینکردنی پاکەتی تایبەت بە خاوێنکردنەوە بۆ ماڵەکان، دابینکردنی دژە هەوکردن بۆ دامەزراوە تەندروستیەکان و هەروەها کۆمەکی دابینکردنی خۆراک و چەندانی تر.
كۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا ئەوەشی باس كردووە كە وڵاتەكەی زیاتر لە بیست ملیار دۆلاری بۆ هەوڵە جیهانیەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا تەرخان کردووە، لەوانەش پابەندیەکانی تایبەت بە گەشەپێدانی ڤاکسین و چارەسەر و هەوڵەکانی ئامادەکاری و کۆمەکی دەرەکی. لە مانگی شوباتدا، سەرۆک بایدن، چوار ملیار دۆلار پابەندی دارایی ئەمەریکای بۆ دامەزراوەی کۆڤاکس ڕاگەیاند، کە عێراقیش تیایدا ئەندامە، بۆ دابین کردنی ڤاکسین بۆ خەڵک لە سەرانسەری جیهاندا. کۆمەکە دارایی و هەوڵە زانسیە لەبەرچاوەکانی ئەمەریکا لەم ڕووەوە بەشێکی سەرەکی و هەماهەنگکاری هەوڵە جیهانیەکانن دژ بەو ڤایرۆسە کوشندەیە. هەوڵە جیهانیەکانی ئەمەریکا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا دەچنە پاڵ چەندین دەیە لە وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە تەندروستی ژیان پارێزی و کۆمەکی مرۆیی.
باسنيوز
