ئەمڕۆ لە دەربەندیخان کارمەندانی تەندروستی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرت
لەمبارەوە زەردەشت عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دەربەندیخان، ڕايگەیاند: "ئەمڕۆ سێشەممە 30/3/2021، یەكەم ژەمی پێکوتەی كۆرۆنا بۆ كارمەندانی تەندروستیی دەربەندیخان بەکار هێندرا، دواتر ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت و پلانەكە بەو شێوەیەیە كە سەرەتا ئەو ڤاکسینە لە هەموو كارمەندانی تەندروستیی بدرێت".
لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەو ڤاكسینە كەی لە هاووڵاتییانیش دەدرێت، بەرپرسی ڕاگەیاندنی تەندروستیی دەربەندیخان گوتی: "ئێمە هێشتا نازانین كەی ئەو ڤاكسینە بە هاووڵاییانیش دەدرێت، چونكە بڕی ناردنی ڤاكسینەكە ئەوەندە زۆر نییە کە یەكسەر دەست بە كوتانی هاووڵاتییان بەو ڤاكسینە بكرێت، ئیتر لە ئێستا بەدواوە هەرجارە و ژمارەیەك ڤاكسینمان بۆ دەنێرن و بەپێی ئەولەویەت سەرەتا كارمەندانی تەندروستیی تەواو دەكەین و دواتر كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و پەروەردە ژەمە پێکوتەی کۆرۆنا وەردەگرن".
ڕوونیشی كردەوە: "پاشان لایەنی پەیوەندیدار بڕیار دەدات كەی ئەو ڤاكسینە بۆ هاووڵاتییانیش بەكار بهێندرێت".
باسنيوز
