لە شارۆچکەی شۆڕش کەسێک چوار کەسی دیکە بە گولـلە بریندار دەکات
شەریف رەحیم، گوتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ راگەیاند، بریندارەکان گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید پێشڕەو لە قەزای چەمچەماڵ و چارەسەری سەرەتاییان بۆکراوە.
دوای چارەسەری سەرەتایی، سێ کەس لە بریندارەکان رەوانەی نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی کراون. گوتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ دەڵێت، "دۆخی تەندروستیی یەکێکیان باشە و لە چەمچەماڵ چارەسەری بۆ دەکرێت."
ناسنامەی کەسەکان لەلایەن تەندروستیی چەمچەماڵەوە ئاشکرا نەکران، بەڵام کەسێک لە بریندارەکان تەمەنی 55 ساڵانە و ئەوانی دیکەش لەنێوان 21 بۆ 31 ساڵاندان.
ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە گوایە ساتی دەستگیرکردنی تەقەکەرەکەیە، نەقیب رێژین ساڵح، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن لە ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کەسەکە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
لەبارەی هۆکاری رووداوەکەش، نەقیب رێژین ساڵح رایگەیاند، زانیارییەکان سەرەتایین و کاتێک لێکۆڵینەوە تەواوبوو، "زانیاریی دروست" بڵاودەکەنەوە.
rudaw -
