وەزیری تەندروستی: ترسمان هەیە دۆخەکە خراپتربێ بۆیە بڕیاری نوێ دەردەکەین
ئەمڕۆ دووشەممە 29/3/2021، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ڕایگەیاند: "لەگەڵ ئەوەی ئاماری کۆڕۆنا لە هەڵکشانە، ژمارەی ئەو توشبووانەشی تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستیان بە ئامێری هەناسەدانی دەستکردە بەهەمانشێوە زیادیان کردووە".
دوێنێ بەرزترین ڕێژەی نووشبوون بە کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان تۆمارکرا کە 926 تووشبوو بوو، لەگەڵ 11 گیانلەدەستدان، ئەمڕۆش 838 تووشبوو، و 10 گیانلەدەستدان تۆمارکرا.
سامان بەرزنجی لەمبارەیەوە گوتی: "ئەو ڕێژە بەرزەی تووشبووان لە ساڵی ڕابردوو پێش چوار مانگ تۆمارکرابوو، ئێمە ترسمان هەیە ئامارەکە زیاتریش بێت و دۆخەکە خراپتر بێت".
دەشڵێت: "سبەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و بڕیاری نوێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەردەکرێ".
وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێمە نیگەرانین لە جێبەجێنەکردنی هەندێک لە ڕێککارەکان لەلایەن هەندێک لایەنی پەیوەندیدار و هاووڵاتیانیش، بڕیاری باش دراون، بەڵام پابەند بوون بە بڕیارکان زۆر لاوازە."
باسنیوز
