”ئەو پەرلەمانتارانەی دەیانگوت هەولێر رێکناکەوێ، ئێستا دەڵێن رێکكەوتنەکە بە قازانجی هەرێمی کوردستان نییە“
وابڕیاربوو سەعات ١ی بەیانی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق دەنگ بە پەسەندکردنی بودجەی 2021ی عێراق بدرێت، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی ناو ماڵی شیعەکان دەنگدان بە پڕۆژەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراو سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆڵی پەرلەمانی جێهێشت.
لەمبارەوە، محەمەدئەمین فارس، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، ئاماژەی بەوە دا، دەمێکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا رێکەوتوون، بەڵام کێشە لەبەردەم رێکەوتنەکە دروستکراوە، گووتی ”لەماوەی رابردوو لە لیژنەی دارایی دووبارە رێکەوتن کراوە، بەڵام هەمدیسان هەندێ لایەنی شعیەکان کێشەیان خستەوە بەردەم رێکەوتنەکە کە دواجار دوێنێ لە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ماددەی ١١ی پەیوەست بە پشکی هەرێمی کوردستان بە رەزامەندی هەولێر و بەغدا دەنگی لەسەر درا، کەوابێت ئەگەر لە وادەی کۆتایی پەسەندکردنی بودجە کێشەکە رێکەوتنی هەولێر و بەغدا بوایە ئەوە بودجە دەبوو سەعات ١ی ئەمشە و پەسەند بکرایە“.
ئاماژەی بەوەدا، بابەتی جەوهەری پەسەندنەکردنی بودجەی 2021ی عێراق پەیوەندی بە ناوخۆ و ناوماڵی شیعەکانەوە هەیە، کە دوو ئاراستە دروستبووە، یەکەمیان لەگەڵ پەسەندکردنی بودجە و هەڵبژاردنی پێشوەختەیە، دووەمیان لەگەڵ ئەوەیە پەسەندنەکردنی بودجە بکات بە بیانوو بۆ ئەنجدامنەدانی هەڵبژاردن، گووتیشی ”لەسەر پرسی دۆلار بەرامبەر بە دینار رێکەوتن هەبووە هەروەکو نرخی خۆی بمێنێتەوە، هەندێ گرفتی دیکەش هەبووە کە سونەکان داوای هەندێ پڕۆژەیان کردوە بۆ ناوچەکانیان و پرسی بودجەی هەرێمی کوردستانیش یەکلابووەتەوە، کەوابێت بابەتەکە روونە کە کێشەکە پەیوەندی بە ناو ماڵی شیعەکانەوە هەیە، بەڵام لایەنە شیعیەکان دەیانەویست کێشەکانی خۆیان لە شەقامی عێراقی بشارنەوە و بیخەنە سەر هەرێمی کوردستان بەداخەوە هەندێ لە پەرلەمانتاری کوردیش قسەکانی ئەوانیان دەوتەوە، بەڵام ئێستا دەڵێن ئەو رێکەوتنەی کە کراوە بە قازانجی هەرێمی کوردستان نیە، لە کاتێکدا پێشتر دەیانووت ئەوە هەولێرە ئامادەنیە نەوت رادەست بکات و ئەوەش هۆکارە بۆ دواخستنی پەسەندکردنی بودجە، بە دڵنیاییەوە سبەی قسەی دیکەشیان دەبێت ئەگەر دەرکەوت کە رێکەوتنەکە بە قازانجی هەرێمی کوردستانە کە ئێمە پێمانوایە هەر رێکەوتن باشترە لە رێکنەکەوت بە مەرجێ لە چوارچێوەی دەستوور و بە قازانجی هەموولایەک کرابێت“.
باسنیوز
