رێبەری رەوتی سەدر لەبارەی دواخستنی پەسەندکردنی بودجە پەیامێک بڵاودەکاتەوە
پەرلەمان بەهۆی ناکۆکییە سیاسیی، نەتەوەیی، حزبی و مەزهەبییەکانەوە نەیتوانی بودجە پەسند بکات
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەپەڕەی فەرمی خۆی لەتویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، جارێکی دیکە پەرلەمان بەهۆی ناکۆکییە سیاسیی، نەتەوەیی، حزبی و مەزهەبییەکانەوە نەیتوانی بودجە پەسند بکات و هۆشداری دەدەن لەوەی پێویستە بە زوترین کات بودجە پەسند بکرێت.
رێنمایی لایەنەکان دەکات ناکۆکییەکانیان وەلابنێن
ئاماژەی بەوەشکردوە، رێنمایی لایەنەکان دەکات ناکۆکییەکانیان وەلابنێن و لەزوترین کاتدا بودجە پەسەند بکەن.
کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان دواخرا
شەوی رابردو ناسر هەرکی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق بە خەندان-ی راگەیاند، کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای بودجە بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکانی شیعە بۆ کاتێکی دیکە دواخرا و چاوەڕێ دەکرێت لەرۆژانی داهاتودا وادەیەکی دیکە بۆ کۆبونەوە دیاریبکرێت.
لایەنەکان شیعە لەسەرپرسەکانی قەرز، گرێبەستەکان و دابەشکردنی داهات و پڕۆژەکان بەسەر پارێزگاکاندا ناکۆکن
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبونەوەی نێوان لایەنەکانی شیعە و جیاوازی و ناکۆکییەکانیان لەسەرپرسەکانی قەرز، گرێبەستەکان و دابەشکردنی داهات و پڕۆژەکان بەسەر پارێزگاکاندا بەردەوامی هەیە و بەوهۆیەش پەرلەمان نەیتوانی ئەمشەو دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە بدات.
خەندان
