پارەی گەنمی جوتیارانی كوردستان دابەشكرا

پارەی گەنمی جوتیارانی كوردستان دابەشكرا
لە پارێزگای ھەولێر دەستکرا بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران بۆ ساڵەکانی 2014 و 2015 و 2016، کە لای حکومەتی عێراقە و چەند ڕۆژێک پێش ئێستاش لە دھۆک دەست بە دابەشکردنی کرا و لەم ھەفتەیەش لە سلێمانیش دەست بە دابەشکردنی پارەی گەنمی جوتیاران دەکرێت. جوتیاران لەگەڵ ئەوەی دڵخۆشن بە وەرگرتی ئەو بڕە پارەیە، بەڵام نیگەرانن لەوەی کەمتر لە نیوەی شایستەکانیان وەردەگرن.

لەدوای شەش ساڵ چاوەروانى دوا جارکەمێک لە شایستە داراييەكان بە جوتیارانی ھەرێمی کوردستان درایەوە.

مام ئەحمەد سەدیق، جوتیارێكە زیاتر لە شەش ساڵە چاوەڕوانی شایستە داراییەکانییەتی. ئەو زیاتر لە 16 ملیۆن دیناری لای حکومەتی عێراقە، بەڵام كەمتر له نيوەی ئەو پارەیە وەردەگرێتەوه، ئەمەش به زوڵم دەزانێت، کە حکومەتی عێراق لە جوتیارانی کوردستانی دەکات.

سعید عمر، بەڕێوەبەری سایلۆی ھەولێر ئاشكراىكرد، لە ماوەی 12 ڕۆژدا ئەو پارەیەى ھاتووە بە شێوەی چەک دەدرێتەوە بە جوتیاران. دوو ڕۆژی سەرەتا بۆ سەنتەری شاری ھەولێر و دواتر بۆ جوتیارانی دەوروبەری ھەولێر دەبيت.

حکومەتی عێراق زیاتر لە 557 ملیار دینار قەرزاری جوتیارانی ھەرێمی کوردستانە و کەمتر لە نیوەی ئەم پارەیەشی ناردووە، 79 ھەزار مامەڵەی جوتیارانی ھەرێم لە بەڕێوبەرایەتی بازرگانی تۆمارکراوە و لەو ژمارەیەش زیاتر لە 31 ھەزاریان ھی پارێزگای ھەولێره.

ئەو جوتیارانەی پشکی 2014یان وەرنەگرتووە لە 30%ی پارەکە وەردەگرن و بۆ 2015 لە 31% و بۆ 2016 لە 25%ی شایستەکانیان وەردەگرن.
k24 -
Top