سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق : ھیچ کێشەیەک بۆ رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەبارەی بودجە دروست نەبووە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق : ھیچ کێشەیەک بۆ رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا لەبارەی بودجە دروست نەبووە
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، هیچ گۆڕانکارییەک بەسەر رێککەوتن لەسەر بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان نەهاتووە.

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان عێراق، راگەیاند، کاتژمێر 3ـی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 28-3-2021 پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2021، کۆ دەبێتەوە.

ڤیان سەبری لە بارەی رێککەوتنی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە عێراقییەکان بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاساکە و بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان تێیدا، رایگەیاند، تا ئێستا رێککەوتنەکە وەک خۆیەتی و ھیچ ئاستەنگێکی بۆ دروست نەبووە، ”دەمانەوێ بەبێ دەستکاریکردن پەسەند بکرێت“.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بە ئەرکی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، شاندەکە چاودێریی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە بە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستانەوە، دەکات.

شەوی شەممە (دوێنێ)، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.



باسنيوز
Top