شەش کەس لە پارێزگای ئیلام بەهۆی گازەوە خنکان

شەش کەس لە پارێزگای ئیلام بەهۆی گازەوە خنکان
ناوەندی فریاگوزاریی پارێزگای ئیلام رایگەیاند، رۆژی رابردوو شەش کەس لە دانیشتووانی پارێزگای ئیلام لە دوو ناوچەی گەشتیاری جیاوازی ئەو پارێزگایە، لەنێو خێوەتەکانیاندا بەهۆی بەکارهێنانی کەلوپەلی گازی گەرمکردنەوە، بە گازی CO2 خنکاون.

بەپێی راگەیاندنەکەی ناوەندی فریاگوزاریی پارێزگای ئیلام کە ژمارەکەی 115ـە، سێ کەس لەو کەسانە شەوی هەینی، لەنێو خێوەتێکدا لەسەر جادەی ماربڕەی سەر بە ناوچەی کانگمەگ، پشوویان داوە و بەهۆی بەکارهێنانی کەلوپەلی گازی بۆ گەرمبوونەوە، تووشی ئەو رووداوە بوون و هەر سێ کەسەکە خنکاون.

هەروەها سێ کەسی دیکەش کە هەموویان ئەندامی خێزانێک بوون، بەیانی رۆژی هەینی لە باخێکی گشتی لە چوار، لەنێو خێوەتی تایبەتی گەشتیاریدا، بەهۆی بەکارهێنانی کەلوپەلی گازی بۆ گەرمبوونەوە، تووشی رووداوەکە بوون و بەوشێوە، گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندنی فریاگوزاریی پارێزگای ئیلام کۆی ئەو کەسانەی بەهۆی بەکارهێنانی کەلوپەلی گازی بۆ گەرمبوونەوە خنکاون، بە شەش کەس پشتڕاست کردەوە و گوتیشی هەر شەش کەسەکە دانیشتووی پارێزگای ئیلام بوون.
rudaw -
Top