سیاسییەكی ڕۆژئاوای كوردستان: هەڕەشەكانی پەكەكە تەواوكەری جموجۆڵەكانی میلیشیاكانی رەبعوڵایە

سیاسییەكی ڕۆژئاوای كوردستان: هەڕەشەكانی پەكەكە تەواوكەری جموجۆڵەكانی میلیشیاكانی رەبعوڵایە
د. کاوە ئازیزی، ئەکادیمی و سیاسیی کوردی سووریا جەختی کردەوە، بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە بە رەتکردنەوەی کشانەوەیان لە شنگال، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئەوان بوونەتە بنکەی پۆلیس بۆ پاسەوانیکردنی ئەو رێڕەوەی ئێران لەڕێی عێراقەوە دەگەیەنێتە سووریا و رێگریی پێ لە جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستووری عێراقیشدا دەکەن.

ئازیزی، کە مامۆستای زانستی سیاسییە لە زانکۆی سەڵاحەدین، رای گەیاند: “100 رۆژ بەسەر دەسەڵاتی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکادا تێپەڕی، لە هەمان کاتدا چەندین میلیشیای شیعە لە عێراق، کۆتایی ئاگربەستیان لەگەڵ ئەمریکا لە عێراقدا راگەیاند”.

گوتیشی: “ئلەم رۆژانەدا میلیشیاکانی (رەبعوڵا)، خۆپیشاندانێکی چەکدارییان لە شەقامەکانی بەغدا کرد و هەڕەشەیان لە مستەفا کازمی و ئەمریکا و سعوودیە کرد، جەختیشیان کردەوە، کە رێ نادەن بەشی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2021 بدرێ”.

ئازیزی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “زنجیرەکە لە شنگال تەواو دەبێ، کاتێ پەکەکە راگەیاندراوێک بۆ تەواوکردنی دەسەڵاتی ئێران بەسەر عێراق، لە رووی سیاسی و جوگرافییەوە دەردەکا”.

ئەو پسپۆرە کوردە دەپرسێ: “مانای چی دەگەیەنێ، کە هەزاران چەکداری سەر بە پەکەکە لە شنگال رێگری لە رێککەوتننامەیەکی شەرعیی ناوخۆیی عێراقیدا بکات بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و نۆژەنکردنەوەی و هەڕەشەی سەربازی لە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، ئەگەر ئامرازێک نەبێ بە دەستی ئێران؟ مانای چی دەگەیەنێ، کە ئەو حزبە گۆڕەپانی خۆی، کە کوردستانی باکوورە تا هەتایە بەجێ هێشتووە و لەپێناو ئەجیندای ئیقلیمی شەڕی هەرێمی کوردستان دەکا؟”.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “راگەیاندراوەکەی پەکەکە ئەوە دووپات دەکاتەوە، کە بوونەتە هێزێکی سەربازی و بنکەیەکی پۆلیسی، بۆ پاراستنی ئەو رێڕەوەی ئێران بەناو خاکی عێراقدا بۆ گەیشتن بە سووریا و دابڕینی بەشێکی کوردستان و گرێدانەوەی بە عێراق و رێگریکردن لە جێبەجێکردنی مادەی 140 و رێگریکردن لە گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ ناوچەکانیان، کە یەکێکە لە ئەرکەکانی پەکەکە بۆ پاکتاوکردنی ئایینی لە شنگال، بۆ بەرژەوەندیی ملیشیا شیعەکانی عێراق و ئێران”.

ئازیزی بەمە کۆتایی پێ دێنێ و دەڵێ: “ئێستا کاتی ئەوەیە، هەماهەنگی لەنێوان ئەمریکا، عێراق، کوردستاندا بکرێ، بۆ نەهێشتنی دەستی ئێرانی لە عێراق و سووریا و کشاندنەوەیان بۆ ناو خاکی خۆیان”. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: “وەدەرنانی میلیشیا ئێرانییەکان و پەکەکە تەنیا لەسەر کات و ساتی خۆی ماوە”.

رۆژی پێنجشەمەی رابردوو، پەکەکە رایگەیاند، رەتی دەکاتەوە لە شنگال بکشێتەوە، هەڕەشەشی لە حکوومەتی عێراق کرد، کە رێگری لە بڵاوەپێکردنی هێزەکانیان دەکەن لە ناوچەکەدا.













باسنیوز



Top