گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر سوپای میانمار زیاد دەبن

گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر سوپای میانمار زیاد دەبن
نزیکەی دوو مانگ بەسەر کودەتا سەربازییەکەی میانمار تێدەپەڕێت و لەو کاتەوە خۆپێشاندان لە وڵاتەکە بەردەوامە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان و دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانی دژی کودەتا سەربازییەکە، نیگەرانییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش زیاتر دەبن.

تاوەکو ئێستا لانیکەم 260 خۆپێشاندەر لەلایەن سوپاوە کوژراون و نزیکەی دوو هەزاریشیان دەستگیرکراون؛ ئەوە لە کاتێکدایە رۆژی چوارشەممە 600 کەس ئازاد کران.

بڕیاردەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە میانمار کە چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەکات، داوا دەکات ئەنجوومەنی ئاسایش بە زووترین کات کۆبوونەوەیەک لەسەر دۆخی ئەو وڵاتە ئەنجامبدات پێش ئەوەی دۆخەکە خراپتر بێت.

هەروەها ئەندەنووسیا و سەنگاپوور نیگەرانیی خۆیان لەبارەی دۆخی میانمار دەخەنەڕوو و داوا لە دەسەڵاتی سەربازیی ئەو وڵاتە دەکەن هێز دژی خۆپێشاندەران بەکارنەهێنێت و بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆی ئاشتییانە.

ڤیڤیان بالاکریسنان، سەرۆکوەزیرانی سەنگاپوور لەو بارەوە دەڵێت: "هەریەکە لە ئەندەنووسیا و سەنگاپوور پێیانوایە کە نابێت هیچ لایەنێکی دەرەکی دەستوەردان لە دۆخی میانماردا بکات، بەڵام کۆمەڵەی وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا ئامادەیە بە هەر شێوەیەک بێت، هاوکاریی پێشکێش بکات."

تاوەکو ئێستا ئۆنگ سان سوو چی، راوێژکاری پێشووی میانمار لەلایەن سوپای ئەو وڵاتە دەستبەسەرە و بڕیارە بە تۆمەتی گەندەڵی لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە دادگەیی بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا رێگەی پێ نەدراوە پارێزەرەکەی ببینێت، هەروەها دادگاییکردنەکەشی بۆ دووەمجار دواخراوە.

کین ماونگ زاو، پارێزەری راوێژکاری دەستبەسەرکراوی میانمار لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی دادگاییکردنەکە دەلێت: "بەهۆی بوونی چەند کێشەیەک لە ئینتەرنێت و ئامێری وای فایدا، نەتوانرا ڤیدیۆ کۆنفرانسەکە ئەنجامبدرێت، بۆیە دادگەییکردنەکە دواخرا بۆ یەکی نیسان. ئێمە رامانگەیاندووە و داواشمان لە دادگە کردووە کە نابێت ئەم دادگەییکردنە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە ئەنجامبدرێت."

ئەمریکا و ئەوروپا داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سوو چی و بەرپرسانی دیکەی حکومەتی پێشووی میانمار دەکەن.

ئەمریکا و یەکێتیی ئەوروپا سزای سڕکردنی سامان و قەدەخەی پێدانی ڤیزایان بەسەر ژمارەیەک لە سەرکردەی باڵای سوپای میانماردا سەپاندووە.

لە دوایین هەنگاویشیاندا، ئەمریکا و بەریتانیا رۆژی پێنجشەممە ژمارەیەک کۆمپانیای میانماریان خستە لیستی سزاکانیانەوە کە بە هاوکاریکردنی سوپا تۆمەتبار دەکرێن.

rudaw -
Top