لافاو له رۆژههڵاتی كوردستان بهشێكی رێگاكان دادهخات
نەورۆزی ئەم ساڵ بۆ خەڵكی پارێزگای ورمێی رۆژھەڵاتی كوردستان بە لافاو دەستی پێكرد، یەكەم بارانی بەخوڕی بەھاری رێگەی دەیان گوندی تێكداوە و پردی بەستنەوەی رێگەی سەرەكی بە گوندەكانیش داڕماوە، ئەوە سێ رۆژە لافاو ژیانی ئاسایی خەڵكی پیرانشار، شنۆو ناوچەی مەرگەوەری ورمێی تێكداوە.
ھاووڵاتیان دەڵێن: ئەو لافاوە جگە لەوەی خانووی ھەندێك لە گوندنشینەكانی تێكداوە و زیانێكی زۆریشی بە رێگەوبان و پردەكان گەیاندووە، ھاوكات ھەزاران دۆنم زەوی چێندراوی ناوچەكەی لەناوبردووە، ئەمەش وایکردووە جووتیاران زیانی زۆریان پێبگات، ھاووڵاتیانیش دەلێن: ھیچ لایەنێكی بەرپرس لێیان ناپرسێت.
ساڵانە لەگەڵ وەرزی باران دیمەنەكان درووستبوونی لافاوی ھاوشێوە لە رۆژھەڵاتی كوردستان دووبارە دەبنەوە، گوندنشینەكانیش زەرەرمەندی سەرەكین، ھەربۆیە خۆیان دەلێن: ھەمیشە سەرەتای ساڵیان بەو شێوەیە دەستپێدەكات و تاكوو ئێستاش حكومەت ئامادە نییە رێڕەوی ئەو ئاوانە پاك بكاتەوە و لانیكەم پردێكی ئاسن و قایمیان بۆ دابین بكات بۆ ئەوەی ھەموو ساڵێك لافاو رێگەو زەوییەكانیان تێك نەدات.
k24 -
