وەزیرانی دەرەوەی میسر و ئوردن سەردانی عێراق دەكەن

وەزیرانی دەرەوەی میسر و ئوردن سەردانی عێراق دەكەن
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، سبەی هەینی وەزیرانی دەرەوەی میسر و ئوردن بە سەردانێكی فەرمی دەگەنە عێراق.

ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق راگەیاند، "بە مەبەستی بەهێزكردنی میكانیزمی هاوكاریی سێ لایەنە لەنێوان عێراق، ئوردن و میسر، سبەی هەینی 26/3/2021 سامح شوكری، وەزیری دەرەوەی میسر و ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن دێنە بەغدا".

بە گوتەی زافر ئەلعانی، جێگری سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق، لە لووتكەی داهاتووی عێراق، میسر و ئوردندا گفتوگۆ لەسەر بابەتی سیاسی، ئابووری و ئەمنی دەكرێت و دەڵێت، "لووتکەی داهاتوو تەواوكاری دوو لووتكەکەی دیکەیە كە لە قاهیرە و عەممان بەڕێوەچوون و ئەمجارەش لە بەغدا بەڕێوەدەچێت".

پێشتر حوسێن عەللاوی، راوێژكاری سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتبووی، "لە لووتكەی داهاتووی نێوان مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و عەبدولفەتاح ئەلسیسی، سەرۆككۆماری میسر و شا عەبدوڵڵای پادشای ئوردن، پرۆژەی (رۆژهەڵاتی نوێ) دەخرێتەڕوو، كە پرۆژەیەكە رەهەندی ئابووریی گرنگی بۆ عێراق و وڵاتانی ناوچەكە دەبێت."

تشرینی یەكەمی رابردوو لە قاهیرە و ئابی رابردووش لە عەممان، لووتكەی سێ لایەنەی نێوان میسر و عێراق و ئوردن بەڕێوەچوو؛ لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر فراوانكردنی هاریكاریی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان هەر سێ وڵات، بە جۆرێك لە بەرژەوەندیی هەر سێ وڵاتدا بێت.
RUDAW -
Top