خانمە پێشمەرگەیەک بڕوانامەیەکی شاهانەی بەریتانیی سەربازی پێدەدرێت

خانمە پێشمەرگەیەک بڕوانامەیەکی شاهانەی بەریتانیی سەربازی پێدەدرێت
بۆ یه‌كه‌مجار خانمە پێشمەرگەیەک کە خەڵکی هەرێمی کوردستانە، لەلایەن ئەکادیمیای سەربازیی شاهانەی بەریتانیا ساندهورست، ڕاهێنانی پێکرا و پلەی سەربازیی پێبەخشرا.

میدیا مەستيی تەمەن 30 ساڵ، پێشتر وەک پزیشک لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی هێزەکانی پێشمەرگە خزمەتی کردووە و دواتر بەشداریی لە ڕاهێنان و خولی ئەکادیمیی ساندهورستی کردووە.

لە ڕێوڕه‌سمێكدا لەلایەن سوپای بەریتانیاوە بڕوانامەی تەواوکردنی خولەکە بە سەرکەوتویی درایە میدیا و 18 کەسی دیکە.

یەکەمجارە خانمێکی کورد لە راهێنانێکی ئاستبەرزی هاوشێوە بەشداری دەکات و سوپای بەریتانیاش بە هەنگاوێکی کەموێنە ناوی دەبات.

میدیا مەستی لەبارەی ئەو ئەزموونە نوێیەی ڕای گەیاندووە: ''دوو هەفتەی یەکەم سەخت بوو، بە تایبەت خه‌وتن لە کەشوهەوایەکی زۆر سارد''.

باسى له‌وه‌ش كردووه‌: ''هەرگیز بڕوام نەدەکرد ئەم خولە تەواو بکەم و بگەمە ئێستا''.

بەریتانیا وەک بەشێک لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ جەنگی دژ بە داعش، مەشق و راهێنان پێشکەش بە هێزەکانی پێشمەرگە دەکات.












باسنيوز
Top