وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ستایشی رۆڵ و قوربانیدانی ھێزەكانی پێشمەرگە دەكات لە تێكشكاندنی داعش
لە راگەیاندراوەكەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، ئەنتۆنی بلینكن گوتی: "ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھاوبەشە ناوچەییەكانمان بەر لە دوو ساڵ سەركەوتنیان بەدەستھێنا لە تێكشكاندنی داعش و رزگاركردنی تەواوی ئەو خاكەی داعش دەستی بەسەرداگرتبوو لە عێراق و سووریا. ئەمەش سەرچاوەی سەرەكییە لەو ھەوڵانەی دراون بۆ دابینكردنی بەردەوامی لە تێكشكاندنی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە.
گوتیشی: رێز لە قارەمانی ھێزەكانی ئەمنی عێراقی و ھێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و ھێزەكانی سووریای دیموكرات و قوربانییەكانیان دەگرین لەو شەڕە سەختانەی دژ بە داعش ئەنجامیان دا و بەردەوام دەبین لە كاركردن لە تەك ھێزەكانی ھاوبەش بۆ بەردەوامیدان بە فشارخستنە سەر پاشماوەكانی داعش".
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بەردەوام بوو لە قسەكانی و گوتی: "لەوەتەی (خیلافەتی) داعش لە ناوچەكەدا تێكشكاوە، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، كە لە 83 ئەندام پێكھاتووە، لە ھەوڵەكانی بەردەوام بووە بۆ پەكخستنی تواناكانی داعش لە رێكخستنەوەی و پلاندانان بۆ ھێرشكردن و بەسەربازیكردن و ھەوڵدان بۆ توندڕەوی بەڕێگای ئنتەرنێتەوە".
ھەروەھا گوتیشی: "سەركردە سەرەكییەكانی داعشمان لە ناوبردن و بەردەوام دەبین لەڕاونانی ئەوانەی ماون بۆ رێگەگرتن لە گەڕانەو ەو سەرھەلدانەوەیان داوتریش رادەستكردنیان بە دادگا. نزیكەی 8 ملیۆن كەس گەڕانەوە ماڵەكانیان و دەستیانكردەوە بە بونیاتنانەوە ژیانیان بە ھاریكاری ھاوپەیمانی بۆ پشتیوانی لە سەقامگیری".
ئاماژەشیكرد، "رزگاركردنی ئەو خاكانەی عێراق و سووریا وەرچەخانێكی گرنگ بوو لە شەڕی دژ بە داعش، بەڵام تاكو ئێستا ئەركی ئێمە تەواو نەبووە، تاكو ئێستاش ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی یەكگرتووە لە سووربوون لە سەر وێرانكردنی دوژمن و بەردەوام دەبێت لە ھەوڵەكانی دژ بەو رێكخراوە لە عێراق و سووریا و دەوڵەتانی دیكە. ویلایەتە یەكگرتووەكان بە توندی پابەندە بە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەردەوامیدان بە تێكشكاندنی داعش".
K24 -
