بەشێک لە لایەنە شیعەکان داوا دەکەن بەهای دۆلار وەکو پێشووی لێبکرێتەوە

بەشێک لە لایەنە شیعەکان داوا دەکەن بەهای دۆلار وەکو پێشووی لێبکرێتەوە
جارێکی دیکە بابەتی دابەزاندنەوەی نرخی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی بووەتەوە رۆژەڤ و بەشێک لە لایەنە شیعەکان جەخت لەوە دەکەنەوە، ئەگەر بەهای دۆلار وەکو پێشووی لێنەکرێتەوە دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 نادەن.

د. حەسەن نازم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند "گفتوگۆکان لەبارەی بودجە بەردەوامن؛ لەوبارەیەوە بۆچوون هەیە. شتێکی سرووشتییە بۆچوون هەبێت لەبارەی بەهای دۆلار؛ تاوەکو ئێستا ناتوانین باسی گۆڕانکارییەکی راستەقینە لەبارەی بەهای دۆلار بکەین؛ ئەمە تەنیا گفتوگۆیە، هەرکاتێک بودجە پەسندکرا، ئەوکات قەبارەی گۆڕانکارییەکان دەزانین. لە بەرامبەردا حکومەت دیدگەی خۆی لەبارەی بودجە پێشکێشکردووە؛ پێیوایە هەر گۆڕانکارییەک لەبارەی بودجەوە، بە دڵنیاییەوە کاریگەریی دەبێت لەسەر گۆڕانکاری لە بودجەی وەزارەتەکان و کارەکانیان".

چەند رۆژێکە پەرلەمانتارانی هاوپەیمانیی فەتح و دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانیی نەسر لە لێدوانەکانیان دەڵێن، دەبێت بەهای دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی وەکو پێشووی لێبکرێتەوە، ئەگەرنا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجەی 2021 نادەن. حامد موسەوی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی فەتح رایگەیاندووە، دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن، ئەگەر نرخی دۆلار بەم شێوەیە بمێنێتەوە، کە لە پرۆژەیاسای بودجەدا جێگیرکراوە، دەبێت نرخەکەی وەکو پێشووی لێبکرێتەوە، یان نرخێکی مامناوەندی دیکەی بۆ دابنرێت.

ئەو لێدوانانە کاریگەریی کردووەتە سەر بازاڕەکانی گۆڕینەوەی نرخی دراو، نرخی دۆلار هەڵبەزین و دابەزینی بەخۆوە بینیوە.

د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند "پەرلەمان دەسەڵاتی دەستکاریکردنی بەهای دینار و دۆلاری نییە، ئیرادەیەک لەنێو پەرلەماندا هەیە، کە نایەوێت ئەمساڵ عێراق بودجەی هەبێت، پێش وادەی هەڵبژاردن مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیران نزیکەی 130 تریلیۆن دیناری لەبەردەستدابێت، ئەوانیش هیچیان نەبێت، کە ئەمە بە گەورەترین شکست بۆ خۆیان دەزانن، بۆیە هەوڵدەدەن بودجە تێنەپەڕێنن و ئێستا موزایەدەی جۆراوجۆر دەکەن، لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان و نرخی بەهای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلار".

ئەندامەکەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق روونیکردەوە، پێش ئەوەی پرۆژەیاسای بودجە رەوانەی پەرلەمان بکرێت، حکومەت دەستکاریی نرخی دۆلار و بەهای دیناری کردووە، هێشتا بودجەش پەسند نەکراوە، ئەگەر بودجەش پەسند نەکرێت، ئەوا هیچ لە بابەتەکە و نرخی دۆلار ناگۆڕێت، بەڵکو دەبێت ئەو بڕیارە وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندیی عێراق بیدەن.

رۆژی 20-12-2020 بانکی ناوەندیی عێراق بە نووسراوی فەرمی بەهای دیناری عێراقی دابەزاند و هەر دۆلارێک بە 1470 دینار دەگاتە دەست هاووڵاتییان، بەو پێیەش بەهای دراوی نیشتمانی بە رێژەی 23% دابەزاندووە، کە پێشتر نرخی هەر دۆلارێک 1190 دینار بوو. ئەمەش بەهای کڕینی کاڵاکانی بە ئەندازەیەکی بەرچاو بەرزکردووەتەوە، باری سەر شانی هاووڵاتییانیشی قورستر کردووە.
rudaw -
Top