چەند سمۆرەیەک بۆ نێو سروشت گەڕێندرانەوە
بەرێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستانی هەولێر لە ڕاگەیاندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کردووە: "دوای ئاگاداربوونمان کە یەکێک لە هاووڵاتییانی گوندی (سەرکەندی خەیلانی) بە ناوی (ا، ن) لە کاتی لە لەوەڕاندنی مەڕوماڵاتەکانی لە دەشت و پاوانی سنووری گوندەکەی، لانهى سمۆره تێكدهدات".
ئهوهش خراوهته ڕوو، سمۆرەکە کە لەناو دارێک بووە و کەسەکە ژمارەیەک بێچووی سمۆرە بە زیندوویی ڕاو دەکات و بە مەبەستی فرۆشتنیان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک) ڕێکلام بڵاو دەکاتەوە، دوای ئاگاداربوونی فەرمانگەی ژینگەی هەولێر بەو کردارە نایاساییە، هۆبەی ژینگە و سروشتی فەرمانگەکەمان و تیمی چاودێریی ناوچە پارێزراوەکان بە هاوبەشی تیمێک لە هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی شاری هەولێر، سەردانی گوندەکەیان کرد و لە چالاکییەکی هاوبەش توانییان ئەو کەسە کە بدۆزنەوە".
پۆلیسی دارستانی هەولێر ئاشکراشی کردووە، کەسەکە دۆزراوەتەوە و دوای ئەوەی دان بە هەڵەی خۆیدا دەنێت، هەروەها بەڵێننامە لەو کەسە وەرگیراوە کە ئیتر ڕاوی نایاسایی ناکات و هەموو بێچووە سمۆرەکانی لە سروشتی خۆی ئازاد کردەوە.
پێشتر ئەحمەد محەمەد، گوتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی كوردستان ڕايگەیاندبوو: "بە بەردەوامی خەڵك لەسەر ڕاوكردن سزادراون، به تایبەت ئەو ئاژەڵ و باڵندە كێوییانەی كە نابێت ڕاو بكرێن، هەروەها لە كاتی قەدەغەكردنی ڕاویش، هەر كەسێك ڕاو بكات، سزا دەدرێ، لە ساڵی ڕابردوودا خەڵكێكی زۆرمان سزا داون و ئەمساڵیش سزادان بەردەوامە".
روونیشی كردەوە، ڕێنوێنیی ژماره 1ی ساڵی 2015 تایبهت به ڕاوكردن و پاراستنی ئاژهڵی كێوی و باڵندهكان ئەوە هاتووه، تهنیا ئهو ڕاوچییانه دهتوانن ڕاو بكهن، كه مۆڵهتیان له دهستهی پاراستن و چاككردنی ژینگه وهرگرتووه، ڕاوكردنیش تهنیا ئهو باڵنده و ئاژهڵانه دهگرێتهوه، كه له ڕێنوێنییهكاندا ئاماژهیان پێكراوه.
باسنيوز
