لە 3 رۆژی نەورۆزدا لە سلێمانی دەستبەسەر 50 سەر ئاژەڵی نایاساییدا گیراوە
لە رۆژانى نەورۆزى ئەمساڵدا لیژنە هاوبەشەکانى سلێمانى 50 سەر ئاژەڵى نایاساییان دەست بەسەردا گرتووە، کە گۆشتفرۆشى سەر شەقامەکان ویستوویانە بەکاریان بهێنن، بەشێک لەو کەسانە سزاى ماددى دراون و بەشێکیشیان دراونەتە دادگە.
دیاردەى فرۆشتى گۆشت لە سەر رێگەى سەیرانگە و شوێنە گشتییەکان لە بۆنەکاندا زیاتر دەبن، بەو پێیەى بەشێک لە دووکان و فرۆشتگەکان رۆژانى بۆنەکان دادەخرین، ئەوە دەرفەتێکە بۆ گۆشتفرۆشەکانى سەر شەقامەکان کە بازاڕیان بکرێتەوە
نرخى کیلۆیەک گۆشتى سەر رێگەکان بە 10 هەزار دینارە لە کاتێکدا لە بازاڕ کیلۆى گۆشت بە 16 هەزار دینارە.
عوسمان فەیزوڵڵا، کڕیار دەڵێت "من کیلۆیەک جگەرم لێکڕین بە 10 هەزار دینار، تەینا یەک شیشم لێخوارد، هەموو گیانم دایە خوران و لە نەخۆشخانە 65 هەزار دینارم خەرجکرد. نە کەس لێیان دەپرسێت و نە کەسیش لێیان دڵنیایە."
رەنگە بۆ هەموو گۆشتفرشى سەر شەقامەکان، هەمان مەترسى و گومان راست نەبێت بەو پێیەى هەندێکیان شێوازى فرۆشتن و سەربڕین و جۆرى ئاژەڵەکانیان روونە و ئەو کەسەى کە بییەوێت لێى دڵنیابێت، دەتوانێت پاشماوەى ئاژەڵە سەر بڕاوەکە ببینێت، بەڵام دیاسان ئەمانە بەس نین بۆ ئەوەى لایەنى پەیوەنیدار مۆڵەت و مۆریان پێبدات.
عەزیز حەمەئەمین، گۆشتفرۆش دەڵێت "من کیلۆى گۆشت دەدەم بە 15 هەزار دینار، چونکە گۆشتى بەرخە و سەد لە سەد لێی دڵنیام، راستە لیژنەکان جار جار دێن، بەڵام چارمان نییە، ئەوەش نەکەین ئیشمان لە کوێ بوو."
بەپێى ئامارى لیژنەکانى قایمقامى سلێمانى، لە 3 رۆژى ئەم نەورۆزەدا 50 سەر ئاژەڵ کە بە نایاسایی بۆ فرۆشتن بەکاردەهێنرانن دەستیان بەسەردا گیراوە. خاوەنەکانیان ئەوانەى کە یەکەمجارییان بووە بۆ ئاژەڵى بچووک 75 هەزار و بۆ گەورەش 150 هەزار دیناریان لێوەرگیراوە، ئەوانەشى ئەو کارەیان کردووە دراونەتە دادگە.
rudaw -
