وەزیری تەندروستی: تووشبوون بە کۆرۆنا بەرەو لووتکە دەڕوات

وەزیری تەندروستی: تووشبوون بە کۆرۆنا بەرەو لووتکە دەڕوات
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان هۆشداریی لەبارەی بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا دەدات و دەڵێت، پێشبینی دەکەین ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەر 100 هەزار کەس، بگاتە 5 هەزار کەس.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە کاتی بەشدارییکردنی لە بووڵتنی هەواڵە تەندروستییەکانی کە رۆژین مەهدی پێشکێشی دەکات. باسی دۆخی کۆرۆنای لە هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند "کۆرۆنا بەخێرایی بڵاودەبێتەوە و ئێستا رێژەی تووشبوون گەیشتووەتە 10.3."

وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات "ئێمە لەنێو شەپۆلی دووەمی کۆرۆناداین و تووشبوون بە کۆرۆنا بەرەو لووتکە دەڕوات."

د. سامان بەرزنجی پێشبینی ئەوەش دەکات، کە هەفتەی داهاتوو ژمارەی تووشبووان زیاتر بەرزبێتەوە و دەشڵێت "رێژەی تووشبوون ستانداردی تێپەڕاندووە."

هەر ئەمڕۆ د.ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژ بە رۆژ رێژەی ئەنجامی ئەرێنی پشکنینەکانی کۆرۆنا بەرزدەبنەوە و ئێستا هەرێمی کوردستان چووەتە نێو قۆناخێکی مەترسیداری کۆرۆناوە.

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند، هەفتەی رابردوو ئەنجامی ئەرێنی 7.5٪بوو، بەڵام ئەم هەفتەیە بۆ 10.3٪ بەرزبووەتەوە، ئەمەش زەنگێکی مەترسیدارە و پێماندەڵێت،" لە قۆناخێکی مەترسیدارداین".

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ئاماری 24 کاژێری رابردووی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، 411 کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و چوار کەسیش گیانیان لەدەستداوە. بەراورد بە رۆژی دووشەممەش 22-03-2021 ژمارەی تووشبووان بۆ دوو هێندە بەرزبووەتەوە.

رۆژی دووشەممە 223 تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکرابوون، بەڵام ئەمڕۆ ژمارەکە گەیشتووەتە 411 کەس.

ئێستا کۆی گشتیی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 116 هەزار و 295 کەس. لەو ژمارەیەش 107 هەزار و 194 کەس چاکبوونەتەوە و سێ هەزار و 610 کەس گیانیان لەدەستداوە. هەروەها پێنج هەزار و 491 کەس چارەسەر وەردەگرن.
rudaw -
Top