شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا
بۆ تەواوکردنی گفتوگۆکان لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ـی عێراق، هەینی داهاتوو شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتەوە بەغدا.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 23/3/2021، سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستانی24ـی راگەیاند :"بە مەبەستی تەواوکردنی گفتوگۆکان لە بارەی رێککەوتن لەسەر رەشنووسی نوێی ماددەی 11ی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان، لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021ـی عێراق، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەم زوانە دەچێتەوە بەغدا.

سەمیر هەورامی جەختی كرده‌وه‌، كه‌ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕێکكەوتندایه‌: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی بۆ جێبەجێکردنی یەکێک لەو دوو پێشنیازەی لەبارەی ماددەکەوە خراونەتە ڕوو، دەربڕیوە.

هەر لەمبارەوە شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بڕیارە رۆژی ھەینیی داهاتوو نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بچینەوە بەغدا و شاندی ھەرێمی کوردستانیش دێتەوە بەغدا".

ئەو پەرلەمانتارە راشی گەیاند: "ھیچ کێشەیەک لەو رێککەوتنەدا نییە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان واژۆی کردووە و لیژنەی داراییش دەنگی بە رێککەوتنەکە داوە".

شێروان دووبەردانی، گوتیشی: رۆژی ھەینیی داهاتوو نوێنەرانی کورد دەگەڕێنەوە بەغدا و هاوکات شاندی ھەرێمی کوردستانیش دەچێتەوە بەغدا بۆ چاودێریکردن و تێپەراندنی ئەو رێککەوتنە وەک خۆی".

لە بارەی وادەی دنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە گوتیشی: "رۆژی شەممە، یان یەکشەممە دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجەی٢٠٢١ دەدرێت".

بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی 2021ـی عێراق کۆ ببێتەوە.













باسنيوز


Top