تاوەکو ئێستا نزیکەی 15 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و بێساڵانە سەرژمێر کراون
شۆفێری ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆ و ساڵیانەیان نییە نۆرە دەگرن بۆ ئەوەی سەرژمێری بکرێن. پۆلیسی هاتووچۆ لە رۆژی حەوتی ئادارەوە دەستی کردووە بە سەرژمێریکردنیان و تاوەکو 27ـی مانگ بەردەوام دەبن.
بەڵگەنامەیک بە خاوەنی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەدرێت کە مانای ئەوە نییە ئۆتۆمبێلەکە تابلۆ یاخود باجێکی هەیە، بەڵکو حکومەت دەیەوێت بزانێت ژمارەی ئەم ئۆتۆمبێلانە لە هەرێمی کوردستاندا چەندە.
موحسین تەحسین، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی هاتووچۆی سۆران راگەیاند: "ئەو بەڵگەنامەیەی بە خاوەنی ئۆتۆمبێلەکان دەدرێت تەنیا بۆ سەرژمێریکردنە؛ پشکنینی بۆ دەکەین و بەڵگەنامەیان لێ وەردەگرین و ژمارەی لاشەی ئۆتۆمبێل تۆمار دەکەین و هەڵیدەگرین، بەس ناتوانێت بەو بەڵگەنامەیە بسووڕێتەوە."
بەپێی ئامارە نافەرمیەکان زیاتر لە 60 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستاندا هەن. لە ماوەی دوو هەفتەی سەرژمێریکردندا نزیکەی 15 هەزار کەس ئۆتۆمبێلەکەی سەرژمێری کردووە. دوای زانینی ژمارە و جۆریان بڕیار لەسەر چارەنووسی ئۆتۆمبێلەکان دەدرێت.
ئەسعەد مەلا کەریم، بەڕێوەبەری پلاندانان و ئاماری هاتووچۆی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "دوای ئەوەی کە ژمارەمان زانین و زانیمان جۆر و کوالێتییان چییە، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و هاتووچۆی شارەکاندا دەست بە کۆبوونەوە دەکەین. چ شتێک باش بێت و بنبڕ بێت ئەو بڕیارە دەدەین."
بەو هەنگاوەی حکومەت جووڵە کەوتووەتە بازاڕی ئۆتۆمبێلی بێتابلۆ و بێساڵانە؛ نرخیان تا نزیک هەزار دۆلار بەرز بووەتەوە، بەڵام زۆرن ئەوانەی بڕیاریان داوە ئۆتۆمبێلەکانیان سەرژمێری نەکەن.
عەبدوڵڵا مەلەکی، خاوەن پێشانگەی ئۆتۆمبێلە و دەڵێت: "داماننا لە 70٪ی خاوەن تۆزووبا چووە، بەڵام ئایا تاوەکو 25ـی مانگ کۆنترۆ ڵدەکرێت و هەموو خەڵکی پێیرادەگات؟ بێگومان نەخێر. دەبێت کاتی بۆ درێژ بکرێتەوە و ئەگەر حکومەت دەیەوێت تۆزوبا نەمێنێت، دەبێت بەڵێنێک بداتە ئەو خەڵکە کە باجێکی رێپێدرانیان بۆ بکات و کاتەکەی درێژ بکاتەوە و باری خەڵکیش قورس نەکات."
ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە لە سنوورەکانی عێراق بە ژمارە و تابلۆی ساختەوە لە وڵاتانی ئاسیا و ئەوروپاوە لە رێگەی سنوورە فەرمییەکانەوە بە شێوەی کاتی دەهێنرێنە باشووری کوردستان و دواتر دەفرۆشرێنەوە و مامەڵەیان پێوە دەکرێت.
rudaw -
