ڤیان سەبری: ئەستەمە شەممەی داهاتوو پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق تێپەڕێنرێت
ئەمڕۆ دووشەممە 22/3/2021، د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند، نازانرێت لە دانیشتنی رۆژی شەممەی داهاتووی پەرلەمانی عێراق پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق تێدەپەڕێندرێت یان نا، چونكە هەموو شتێك قابیلی گۆڕانكارییە، لەم چەند رۆژەی رابردوو، شاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هاتنە بەغدا و لەگەڵ لایەنەكانی ناو پەرلەمان دەقێكیان پێكەوە نووسی، تەنانەت ئەو دەقەی سەبارەت بە پڕۆژە یاسای بودجە لە ناو لیژنەی دارایی پەرلەمانیش پەسەند كرا، كەچی رۆژی دواتر كوتلە شیعەكان باسیان لەوە كرد كە هەندێك گۆڕانكاری لە دەقی پڕۆژە یاساكە دەكەن، گۆڕانكارییەكانیش بە دڵی ئێمە نەبوون.
گوتیشی، ئێستا ناو ماڵی شیعە كێشەی تێكەوتووە سەبارەت بە ناوەڕۆكی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق، بۆیە ئەستەمە لە دانیشتنی رۆژی شەممەی داهاتوو، هەموو شتێك بڕیاری لەسەر بدرێت.
ئەوەش گوت، ئێستا ماڵی شیعە و سوننە و كوردیش ڕازی نین لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژە یاسای بودجە.
چهند رۆژێكه لەناو پەرلەمانی عێراق مشتومڕێكی زۆر لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ئەمساڵ دەكرێت، سەرئەنجام كوتلە سیاسییەكانی ناو پەرلەمان گەیشتنە رێككەوتن بۆ ئەوەی رۆژی شەممەی رابردوو دەنگیان لەسەر پڕۆژە یاساكە بدایە، بەڵام سەرئەنجام جارێكی تر كێشە لەسەر ناوەڕۆكی پرۆژە یاساكە كەوتەوە و دانیشتنی پەرلەمان بۆ شەممەی داهاتوو دواخرا.
باسنيوز
