کەمال کەرکووکی: هیچ هێزێک ناتوانێ پارتی و کەرکووکییەکان لە یەکتر جودا بکاتەوە

کەمال کەرکووکی: هیچ هێزێک ناتوانێ پارتی و کەرکووکییەکان لە یەکتر جودا بکاتەوە
سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، هیچ هێزێک ناتوانێ حزبەکەی لە کەرکووک و کەرکووکییەکان جودا بکاتەوە.

کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی، پەیامێکی بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و 30یەم ساڵوەگەڕی راپەڕینی کەلی کوردستان لە کەرکووک، بڵاو کردووەتەوە.

کەمال کەرکووکی وێڕای پیرزۆبایی جەژنی نەورۆز و یادی رزگارکردنی کەرکووک، رایگەیاندووە، بریاری سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و ئیرادەی بەهێزی جەماوەری کوردستان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەوە بۆ ڕزگارکردنی کەرکووک بڕیارێکی مێژوویی ئامانجدار بوو و سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە کەرکووک خاکی دانەبڕاوی کوردستانە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک - گەرمیانی پارتی دڵنیایی داوەتە هاووڵاتییانی کەرکووک و رایگەیاندووە، ”ئەو دۆخە نائاساییەی ئێستا لە کەرکووک دەگوزەرێت قەبوڵکراو نییە و بەردەوام نابێت“.

دەقی پەیامەکەی کەمال کەرکووکی:

پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان لە(٣٠) هەمین ساڵیادی رزگارکردنی کەرکووکی دڵی کوردستان لە راپەرینی بەهاری ١٩٩١

یادی جەژنی نەورۆز، یادکردنەوەی سەرکەوتنی ھەقە بەسەر ناھەق و ستەمکاری "یادی نەھێشتنی سەختی و سەرما و سۆڵی زستان و ھاتنی بەھار و شادی و کەشوھەوای گونجاوە و یادی سەرکەوتنی بیری پاك و ئازادیخوازە بەسەر ستەم و داگیرکاری و دیکتاتۆریدا و، یادی جەژنی نەورۆز و ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێی کوردییە".

یادی ڕزگارکرنی کەرکووكی دڵی کوردستانە لە ڕژێمی بەعس لە ٢٠-٣– ١٩٩١.

ئەمرۆ سی ساڵ بە سەر ڕۆژێکی گرینگ و پیرۆز و پرشنگدار لە ڕۆژانی سەرکەوتنی پر شانازی و شکۆ لە مێژووی تێکۆشان و قوربانیدانی گەلەکەمان و گەیشتنی ڕاپەرینی مەزنی بەهاری ١٩٩١ بوو بە قۆناغ و لوتکەی سەرکەوتنەکانی کە ئامانجی لە مێژینەی جەماوەری سەربەرزی کوردستان و شەهیدە سەربڵندەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان بوو، کە تێیدا کەرکووکی دڵی کوردستان رزگار کرا و ئاگری نەورۆزی پیرۆز بە ئازادی لە شاڕەکە هەڵکرا، تێدەپەڕێت.

لەم یادە پر شکۆیەدا جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی ڕاپەرین و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەکەین.

پیرۆزبایی لە ڕێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی و خەڵکی سەربەرزی کوردستان بە گشتی و کەرکووک بە تایبەتی دەکەین.

سەری ڕێز و نوازش دادەنووێنین بۆ ڕوحی پاکی سەرۆکی ڕوحیی نەتەوی کورد بارزانی مستەفا و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زندوو.

ڕاپەرین و ئازادکردنی کەرکووک ڕیشەی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان دەگەڕێتەوە. بۆ خەبات و شۆرش و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران لە جینۆساید و ئەنفال و ڕاگواستن و بەرهەمی قوربانیدانی بێ ژمار شەهیدی سەربەرزی کوردستان و ئامانج و ئەرکی نەتەویی و نیشتمانیی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان بوو دژ بە سیاسەتی دیکتاتۆری داگیرکەرانی خاک و خەڵکی کوردستان.

هەمیشە کەرکووک هێمای ئازادی و سیمبوڵی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوایەتیی گەلی کوردستان بووە، بارزانیی نەمر فەرمووی (کەرکووك دڵێ کوردستانە).

بریاری سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و ئیرادەی بەهێزی جەماوەری کوردستان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەوە بۆ ڕزگارکردنی کەرکووک بڕیارێکی مێژوویی ئامانجدار بوو و سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە کەرکووک خاکی دانەبڕاوی کوردستانە و تەعریبکردن و داگیرکاری و چەواشەکاری هیچ کات نەیتوانیوە ڕاستیەکان بشارێتەوە.

بەرهەمی خەباتی دێرینی گەلەکەمان و ئەو ڕاپەرینە مەزنە قەوارەی هەرێم و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە چەندین دەسکەوتی گەورەی بۆ گەلەکەمان دەستەبەر کردووە.

ئەمرۆ کەرکووک دوای خیانەتی ١٦ی ئوکتوبەر دیسان داگیرکراوە و، هێزی سەربازیی نامۆ لە شارەکە دەسەڵاتدارە و هێشتا دەنگ و عەقڵیەتی شۆڤێنی باڵادەستە و نکۆڵی لە مافەکانی گەلی کوردستان دەکات و هەمان ئەزموونی داگیرکاری و تەعریبکرنی ڕژێمەکانی پێشوو دووبارە دەکەنەوە، بێ سوود وەرگرتن لە مێژوو و وانەکانی ڕاپەرینی گەلەکەمان.

لەم یادە پیرۆزەدا جەماوەری شاری کەرکووکی خۆڕاگر دڵنیا دەکەینەوە کە ئەو دۆخە نائاساییەی ئێستا لە کەرکووک دەگوزەرێت قەبوڵکراو نییە و بەردەوام نابێت و لەو پێناوەدا هەموو هەوڵ و ڕێگایەگ دەگرینەبەر بۆ سەلماندنی کوردستانیەتی کەرکووک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.

دڵنیا بن ھیچ ھێزێك ناتوانێت پارتی دیموکراتی کوردستان و کەرکووك و کەرکووکییەکان لەیەك جودا بکاتەوە.

بەرز و پیرۆزبێت یادی ئازادکردنی کەرکووک .

پیرۆز بێت جەژنی نەورز لە هەموو خەڵکی کوردستان لە ھەر شوێنێکدا ھەن .

سڵاو و درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەرین و سەرجەم شەهیدە سەربەزەکانی کورد و کورستان .

سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان سیمبوڵی خەبات و بەرگریکار لە دەسکەوتەکانی ڕاپەرین و قوربانیدانی شەهیدان .

دکتۆر کەمال کەرکووکی

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیان

٢٠٢١/٣/٢٠











باسنيوز


Top