پەرلەمانتارێکی پارتی هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرا دەکات
محەمەد ئەمین فارس، پەرلەمانتاری عێراق ڕایگەیاند، هەموو پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، ئامادەن.
دوای رێککەوتنی شاندی هەرێمی کوردستان و لایەنە شیعەکان لەسەر پرۆژەیاساکە و پەسەندکردنی رێککەوتنەکە لالەیەن لێژنەی دارایی، بڕیار درا کاتژمێر 10ـی سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 20-3-2021 پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە کۆ ببێتەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە ”بۆ کاتێکی نادیار“ دواخرا.
محەمەد ئەمین فارس هۆکاری دواخستنی کۆبوونەوەکەی بۆ ”داواکاریی هەندێک پارێزگای سوننە و شیعەکان“ گەڕاندەوە و رایگەیاند، هەندێک داواکاریی ئەوان ماوە رێککەوتنی لەسەر بکرێت.
ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی پارتی ئاشکراشی کرد، کە شەوی ڕابردوو ”هەندێک کەس“ پاش ڕێککەوتنەکە ”هەوڵیانداوە کێشە دروست بکەن“ بەڵام هەوڵەکانیان سەری نەگرت و رێککەوتنەکە جێگیر کرا.
محەمەد ئەمین فارس ئاماژەی بەوەش کرد، کە کاتی کۆبوونەوەکە دیار نییە و ”چاوەڕێی ڕێککەوتنی لایەنە سوننی و شیعییەکان دەکەین دەکەین“.
درەنگانی شەوی هەینی 19-3-2021، لە کۆبوونەوەی لێژنەی دارایی و سەرۆک فراکسیۆنەکان، رێککەوتن لەسەر ماددەی 11ـی تایبەت بە بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان کرا و بەمەش هەموو بڕگە و ماددەکانی پرۆژەیاساکە بۆ دەنگ لەسەر دان، ئامادە کران.
باسنیوز
