پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان لە(٣٠) هەمین ساڵیادی رزگارکردنی کەرکووکی دڵی کوردستان لە راپەرینی بەهاری ١٩٩١

پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان لە(٣٠) هەمین ساڵیادی رزگارکردنی  کەرکووکی دڵی کوردستان لە راپەرینی  بەهاری ١٩٩١
یادی جەژنی نەورۆز، یادکردنەوەی سەرکەوتنی ھەقە بەسەر ناھەق و ستەمکاری "یادی نەھێشتنی سەختی و سەرما و سۆڵی زستان و ھاتنی بەھار و شادی و کەشوھەوای گونجاوە و یادی سەرکەوتنی بیری پاك و ئازادیخوازە بەسەر ستەم و داگیرکاری و دیکتاتۆریدا و، یادی جەژنی نەورۆز و ھاتنەوەی سەری ساڵی نوێی کوردییە".
یادی ڕزگارکرنی کەرکووكی دڵی کوردستانە لە ڕژێمی بەعس لە ٢٠-٣– ١٩٩١.
ئەمرۆ سی ساڵ بە سەر ڕۆژێکی گرینگ و پیرۆز و پرشنگدار لە ڕۆژانی سەرکەوتنی پر شانازی و شکۆ لە مێژووی تێکۆشان و قوربانیدانی گەلەکەمان و گەیشتنی ڕاپەرینی مەزنی بەهاری ١٩٩١ بوو بە قۆناغ و لوتکەی سەرکەوتنەکانی کە ئامانجی لە مێژینەی جەماوەری سەربەرزی کوردستان و شەهیدە سەربڵندەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان بوو، کە تێیدا کەرکووکی دڵی کوردستان رزگار کرا و ئاگری نەورۆزی پیرۆز بە ئازادی لە شاڕەکە هەڵکرا، تێدەپەڕێت.
لەم یادە پر شکۆیەدا جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی ڕاپەرین و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەکەین.
پیرۆزبایی لە ڕێزدار جەنابی سەرۆک بارزانی و خەڵکی سەربەرزی کوردستان بە گشتی و کەرکووک بە تایبەتی دەکەین.
سەری ڕێز و نوازش دادەنووێنین بۆ ڕوحی پاکی سەرۆکی ڕوحیی نەتەوی کورد بارزانی مستەفا و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زندوو.
ڕاپەرین و ئازادکردنی کەرکووک ڕیشەی بۆ خەبات و قوربانیدانی گەلەکەمان دەگەڕێتەوە. بۆ خەبات و شۆرش و بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران لە جینۆساید و ئەنفال و ڕاگواستن و بەرهەمی قوربانیدانی بێ ژمار شەهیدی سەربەرزی کوردستان و ئامانج و ئەرکی نەتەویی و نیشتمانیی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان بوو دژ بە سیاسەتی دیکتاتۆری داگیرکەرانی خاک و خەڵکی کوردستان.
هەمیشە کەرکووک هێمای ئازادی و سیمبوڵی خەباتی نیشتیمانی و نەتەوایەتیی گەلی کوردستان بووە، بارزانیی نەمر فەرمووی (کەرکووك دڵێ کوردستانە).
بریاری سەرکردایەتیی سیاسیی کورد و ئیرادەی بەهێزی جەماوەری کوردستان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەوە بۆ ڕزگارکردنی کەرکووک بڕیارێکی مێژوویی ئامانجدار بوو و سەلمێنەری ئەو ڕاستییە بوو کە کەرکووک خاکی دانەبڕاوی کوردستانە و تەعریبکردن و داگیرکاری و چەواشەکاری هیچ کات نەیتوانیوە ڕاستیەکان بشارێتەوە.
بەرهەمی خەباتی دێرینی گەلەکەمان و ئەو ڕاپەرینە مەزنە قەوارەی هەرێم و پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە چەندین دەسکەوتی گەورەی بۆ گەلەکەمان دەستەبەر کردووە.
ئەمرۆ کەرکووک دوای خیانەتی ١٦ی ئوکتوبەر دیسان داگیرکراوە و، هێزی سەربازیی نامۆ لە شارەکە دەسەڵاتدارە و هێشتا دەنگ و عەقڵیەتی شۆڤێنی باڵادەستە و نکۆڵی لە مافەکانی گەلی کوردستان دەکات و هەمان ئەزموونی داگیرکاری و تەعریبکرنی ڕژێمەکانی پێشوو دووبارە دەکەنەوە، بێ سوود وەرگرتن لە مێژوو و وانەکانی ڕاپەرینی گەلەکەمان.
لەم یادە پیرۆزەدا جەماوەری شاری کەرکووکی خۆڕاگر دڵنیا دەکەینەوە کە ئەو دۆخە نائاساییەی ئێستا لە کەرکووک دەگوزەرێت قەبوڵکراو نییە و بەردەوام نابێت و لەو پێناوەدا هەموو هەوڵ و ڕێگایەگ دەگرینەبەر بۆ سەلماندنی کوردستانیەتی کەرکووک بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.
دڵنیا بن ھیچ ھێزێك ناتوانێت پارتی دیموکراتی کوردستان و کەرکووك و کەرکووکییەکان لەیەك جودا بکاتەوە.
بەرز و پیرۆزبێت یادی ئازادکردنی کەرکووک
پیرۆز بێت جەژنی نەورز لە هەموو خەڵکی کوردستان
سڵاو و درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕاپەرین و سەرجەم شەهیدە سەربەزەکانی کورد و کورستان
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان سیمبوڵی خەبات و بەرگریکار لە دەسکەوتەکانی ڕاپەرین و قوربانیدانی شەهیدان
دکتۆر کەمال کەرکووکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیان
٢٠٢١/٣/٢٠
Top