لە دهۆک ژنێکی جادووگەر دەستگیرکرا
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، دوای ماوەیەکی زۆر لە گەڕانیان بەدوای "کەسێکی فێڵباز و جادووگەر"، رۆژی پێنجشەممە 18ی ئادار ئەفسەر و پۆلیسی بنکەی مالتای توانییان تۆمەتبار دەستگیربکەن، کە ژنێکی 49 ساڵە.
بەپێی راگەیێندراوی گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک، توانراوە دەست بەسەر هەموو کەلوپەلەکانی "ئەو جادووگەرە"دا بگیرێت کە پێکهاتووە لە "نووشتە، قفڵ و کلیل، هەندێک رەمز نووسین لەسەر پارچە کاخەز و پەڕۆ و گەلێک کەلوپەلی دیکە"، کە بە گوتەی هێمن سلێمان لەڕێگەیەوە "فێڵێکی زۆری" لە هاونیشتمانیان کردووە.
هێمن سلێمان دەڵێت، تۆماری دەنگی و بەڵگە لەسەر "تاوانەکانی" ئەو تۆمەتبارە کۆکراوەتەوە و رەوانەی دادگە دەکرێت.
تۆمەتبارەکە لە گەڕەکی کێڤلا دەستبەسەرکراوە و بەپێی ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی و بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوە راگیراوە.
rudaw -
