سیاسەتوان دیندار نەجمان دۆسکی: ئەگەر دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندیی شیعە یەکلا ببێتەوە ئەوە بە ویستی خۆیان تەفسیر بۆ ماددەکانی دەستوور دەکەن
سیاسەتوان، دیندار نەجمان دۆسکی، لەمبارەوە ڕایگەیاند: "ئەگەر دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندیی شیعە یەکلا ببێتەوە، ئەوە بە ویستی خۆیان تەفسیر بۆ ماددەکانی دەستوور دەکەن و ئەوەش مەترسی لەسەر پێکهاتەکانی دیکە دەبێت، بەتایبەتی کورد، چونکە هەروەکوو بینیمان پێشتر سوننەکانیش کاتێک دەبێتە دژایەتیی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی لە بڕیاری لایەنە شیعیەکان دەکەن".
ئەو سیاسەتوانە گوتیشی: "ئەو دادگایە دەسەڵاتی تەفسیرکردنی ماددەکانی دەستووری هەیە و بڕیارەکانی یەکلاکەرەوەن، دەکرێت هەر ماددەیەکی دەستوور بەو شێوە تەفسیر بکرێت کە بەرژەوەندیی پێکهاتەیەکی تێدا بێت، نەک بێلایەنی، بەڵام ئەگەر کورد تێیدا ڤیتۆی بۆ بڕیارەکان هەبێت و تەفسیرکردنی ماددەکان لەسەر بنەمای تەوافق بێت، ئەوە دادگاکە بۆ کورد کێشەی نابێت".
دیدار نەجمان دۆسکی، ئاماژەی بەوەش دا: "لە سیاسەتدا متمانە نابێت بکرێ و دەبێت بابەتەکان بە رێککەوتن یەکلا بکرێنەوە و گوتیشی "ئامانجی لایەنە شیعیەکان تێکدانی تەوافق و کۆنتڕۆڵکردنی جومگە ئەساسییەکانی دەوڵەتە، بەبێ بوونی ڤیتۆ بۆ کورد لە یاساکەدا بۆ پرسەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەوە یاساکە دەبێتە درێژکراوەی هەمان ئەو بڕیارانەیەی کە دوای ڕیفراندۆم لە پەرلەمانی عێراق لەدژی هەرێمی کوردستان دران".
باسنیوز
