لە پەڵكانە عەرەبی هاوردە بۆ داگیركردنی زەویوزاری جووتیارانی كورد خێوەتیان هەڵداوە
لەمبارەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 18/3/2021، لوقمان حوسێن، بەڕێوەبەری شەرعیی ناحیەی سەرگەڕان، ڕایگەیاند: "عەرەبە هاوردەكان خێوەتیان لە گوندی پەڵكانەی سەر بە ناحیەی سەرگەڕان هەڵداوە و خێوەتەكانیان تا ئێستا ماوەتەوە، ئەوان داوای ئەوەیان دەكرد بەمەبەستی داگیركردنی زەویوزاری دیکەی جووتیارانی كورد لەسەریان بێنە وەڵام، پرسی خێوەتهەڵدانەكەشیان وەكوو مانگرتنێكە و كردوویانە و بڕیار بوو سەرۆكی ئەركانی سوپای عێراق بڕوات و سەردانی ئەو عەرەبە هاوردانە بكات، بەڵام تا ئێستا نەهاتووە.
لەبارەی ئەو لیژنە پەرلەمانییەی كە پێك هێندراوە بۆ چارەسەری كێشەی زەویوزار لە سنووری كەركووك، ئایا هیچیان پێ كراوە، بەڕێوەبەری شەرعی ناحیەی سەرگەڕان، گوتی: "جارێ هیچ ئەنجامێكی نەبووە و كارەكان ڕاگیراوە و عەرەبیش بەردەوامن لە هەوڵەكانیان بۆ تەعریبکردنەوە و هێشتا ڕاپۆرتی لیژنە پەرلەمانییەكە ڕەوانەی حكوومەت نەكراوە".
گوندی پەڵكانە لەڕووی رێژەی دانیشتوانەوە و هەروەها زەویوزارەوە گەورەترین گوندی سنووری ناحیەی سەرگەڕانە، بووەتە سیمبولی گوندەكانی تر و عەرەبە هاوردەكان هەمیشە بە چاوی تەماحەوە سەیری ئەو گوندەیان كردووە.
لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧وە و داگیرکردنی ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە دیسان عەرەبە هاوردەکان بە پاڵپشتیی پاریزگاری سەپێندراوی کەرکووک هاتوونەتەوە سەر گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕان و بەتایبەتی گوندی پەلکانە و بەتەمای داگیرکردنی زەویوزار و خانووی جووتیارانی کوردی ئەو سنوورەن، هەرچەند لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی زەویوزاری سنووری کەرکووک پێک هاتووە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، بەڵام هەڵکوتانە سەر زەویوزاری کورد لەلایەن میلیشیاکان و عەرەبی هاوردەوە هێشتا هەر بەردەوامە.
لە سنووری ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دووبزی سەر بە کەرکووک ١٢ گوندی کورد هەیە کە عەرەبی هاوردە هەوڵی داگیرکردنی زەوی و موڵکەکانیان دەدەن، کێشەی زەویوزاری ئەو سنوورە بۆ ساڵانی دەیەی حەفتای سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە کە بە زەبری هێز و لەلایەن ڕژیمی بەعسەوە کورد لەو ناوچەیە دەرکران و عەرەبی ناوچەکانی دیکە هێنراونەتەوە ئەو شوێنە و بەڵگەنامەی سەختیان بۆ دروست کراوە، هەرچەند ئەو عەرەبانە لە ساێ ٢٠٠٣وە قەرەبوو کراونەتەوە و گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، بەڵام جارێکی دیکە بە پاڵپشتیی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک و هێزە ئەمنییە عێراقییەکان هەوڵی دەرپەڕاندنی کورد لەو ناوچەیە دەدەن.
باسنیوز
